کارەساتی خێڵی حەمە چۆن ڕوویدا؟

  2020-09-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
19 ساڵ بەسەر هێرشی چەکدارانی ئەنسارولئیسلام بۆسەر گوندی خێڵی حەمەی سەربە هەڵەبجە تێپەڕی، لەو هێرشەدا 42 پێشمەرگەی سەربە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان شەهید بوون.

کاتژمێر 3ى پاش نیوەڕی 23-9-2001  چەکدارانی ئەنسارولئیسلام لە سێ لاوە ھێرشیان کردە سەر ئەو ھێزانەی یەکێتی کە لەو گوندە جێگیرکرابوون. لەبەرئەوەی پێشمەرگەکانی یەکێتی پێشبینیی ھێڕشێکی لەناکاوی ئەنسارولئیسلامیان نەکردبوو چەکدارانی ئەنسار گورزێکی کوشندەیان وەشاند، لەپاش ٣ کاتژمێر شەڕ، ١٥ چەکداری ئەنسارولئیسلام کوژران و 42  پێشمەرگەی یەکێتیش شەهید بوون کە وەک بەرپرسانى ئەو حزبە رایانگەیاند تەرمى پێشمەرگە شەهیدەکانیان بە شێوەیەکى دڕندانە شێوێندرا بوون.

لەدوای 24 کاتژمێر مانەوەی ئەنسارولئیسلام لە خێڵی حەمە و بەدیل گرتنی دانیشتووانی گوندەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێرشی کردە سەر گوندەکە و کۆنترۆڵی کردەوە.

پەلاماری چەکدارانی ئەنسارولئیسلام بۆسەر گوندی خێڵی حەمە تەنیا 13 رۆژ دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ئەمریکا بوو لەلایەن رێکخراوی قاعیدە کە هەزاران ئەمریکی بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

ئەنسارولئیسلام چۆن دروست بوو؟

ئەنسارولئیسلام لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئەنجامی یەکگرتنی ھەردوو گرووپی جوندولئیسلام، بە ڕابەرایەتی ئەبو عەبدوڵڵای شافعی و گرووپێکی جیابووەوە لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا کرێکار دامەزرا. مەلا کرێکار بووە ڕابەری ئەنسارولئیسلام کە دژی نزیکبوونەوەى بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەستانەوە. بنکەی سەرەکی ئەنسارولئیسلام ناحیەی بیارە بوو. ئەنسارولئیسلام لە سەرەتاوە لە ٣٠٠ چەکدار پێکھاتبوون کە بەشێکی زۆریان چەکداری شەڕی نێوان ئەفغان-سۆڤێت بوون.

ئەنسارولئیسلام ھێزێکی جیھادی سەلەفی بوو کە ھەڕەشەی دامەزراندنی ئەمارەتێکی ئیسلامی ھاوشێوەی ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیبان دەدا. لەڕووی پراکتیکیشەوە یەکەمین ھەنگاویان پەلامارەکەى خێڵی حەمە بوو کە لە زۆرێک لە میدیاکانی دنیادا دەنگی دایەوە و بووە مایەی ئاشکرابوونی پەیوەندی نێوان ئەم گرووپە و ڕێکخراوی جیھادی ئەلقاعیدە.

ئەنسارولئیسلام  لە دوای دامەزراندنییەوە چەند کردەوەیەکی تیرۆرستییان ئەنجامدا، ھەوڵی تێرۆرکردنی بەرھەم ساڵح، سەرۆکی ئەو کاتەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان - ئیدارەی سلێمانی بەڵام هەوڵەکەیان شکستى هێنا.

لەسەروبەندی پرۆسەی ئازادیی عێراقدا پاش چەند رۆژێک لە دەستپێکردنی پرۆسەکە دەستکرا بە لەناوبردنی چەکدارانی ئەنسارولئیسلام، ھێزەکانی هاوپەیمانان و ھێزی پێشمەرگە هێرشی ئاسمانی و زەمینیان بۆسەریان دەستپێکرد، نزیکەی ١٠٠ موشەکی جۆری تۆماھاوک ئاڕاستەی بنکە و بارەگاکانی ئەنسارولئیسلام کران و لە چەند ڕۆژێکی کەمدا تەواوی ناوچەکە ئازادکران.


ڕیکلام