كازمی پشتیوانی پێشنیارەكانی موقتەدا سەدر دەكات

  2020-09-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پشتیوانی پێشنیازەكانی رێبەری رەوتی سەدر دەكات و دەستی یاسا لەسەرو دەستی لەیاسا دەرچوەكانەوەیە.

دوای پەیامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، كە تیایدا چەند پێشنیارێكی نوێی ئاشكرا كرد بۆ روبەڕبوونەوەی گەندەڵی و لەیاسا دەرچوون لە وڵاتەكەدا مستەفا كازمی پشتیوانی ئەو پەیامەی كرد. 

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند "پشتیوانی لە پێشنیارەكانی سەدر دەكەین بۆ پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییانەی پەیوەندیان بە بەئاسایش‌ و شكۆ و ناو و ناوبانگی عێراق ‌و پابەندبونە نێودەوڵەتییەكانەوەیە هەیە."

موقتەدا سەدر، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی كرد لە بەئامانجگرتنی دپلۆماتكاران و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و دامەزراوە حكومییەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكانی بۆ رای گشتی.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، دەستی یاسا لەسەرو دەستی لەیاسا دەرچوەكانەوەیە، هەرچەند هەندێك بەپێچەوانەی ئەمەوە بیربكەنەوە، بەڵام هاوپەیمانێتی گەندەڵی‌ و چەكی لەیاسادەرچوو لە عێراق جێگەیان نابێتەوە.