بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسییەک فوئاد حسین گەیشتە تاران

  2020-09-26  | 
فوئاد حسین و محەمەد جەواد زەریف
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسییەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق لەوبارەیەوە بڵاویکردەوە، فوئاد حسین گفتوگۆ دەکات لەگەڵ لێپرسراوە ئێرانییەکان سەبارەت بە پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بڕیاریشە وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ محەمەد جەواز زەریف، هاوتا ئێرانییەکەی  و ژمارەیەکی دیکە لە لێپرسراوانی باڵای ئێران کۆبێتەوە.

لەدوای دەستبەکار بوونی وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەوە یەکەمجارە فوئاد حسین سەردانی تاران بکات.

پێشتر فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق بە ماڵپەڕی حورەی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دژی هیچ کەسێک نییە، ئاماژەی بەوەشکردبوو بەغدا کێشەی هەیە لەگەڵ ئەنکەرە و تاران، ئەویش بەهۆی دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیدا.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیشیکردەوە، بەغدا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی هاوسی باش بێت.

روونیشیکردەوە، وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندیی هاوسەنگی هەبێت لەگەڵ هەموو لایەک و جەختیشی کردەوە لە پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی.

لە ماوەی ڕابردوودا خۆپیشاندەرانی عێراق داوایان دەکرد، سنورێک بۆ دەستوەردانەکانی ئێران دابنرێت لە عێراقدا.



ڕیکلام