ئاسایشی نیشتیمانی عێراق گفتوگۆی کرد لەسەر ئاسایشی باڵیۆزخانەکان

  2020-09-26  | 
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەسەرۆکایەتی کازمی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشیی نیشیتمانی عێراق کۆبۆوە و گفتوگۆی کرد لەسەر چۆنێتی پاراستنی خۆپیشاندانەکان و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە عێراقدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەسەرۆکایەتی کازمی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکخستووە.

کۆبوونەکە تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواپێشهات و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوخۆیی عێراق، بە تایبەت  ئەو لایەنەی پەیوەندی هەیە بە پاراستنی خۆپیشاندانە ئاشتخوازنەکان و پاراستنی نوێنەراتی و باڵیۆزخانە بیانییەکان، کە تا ئێستا چەند جارێک کراونەتە ئامانج.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دۆسیەی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی لە عێراق تاوتوێکرد، کە دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ یاراستنیان، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناو و ناوبانگی وڵاتەکە بکرێت لەبەرامبەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی.

بەگوێرەی بەیاننامەکە کازمی جەختیکردووەتەوە لەوەی هەلێکی گونجاو هەیە بۆ بنیات نانەوە و باشترکردنی دۆخی ئەمنی و توانای هێزە ئەمنیینەکان، لەڕووەوە جەختیکردەوە کە هیچ چاوپۆشییەک نەکرێت لە هەڵەکان کە بوونەتە شێرپەنجەی ناو دەزگا ئەمنییەکان.

کازمی دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپارد پابەندی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ بن لەکاتی پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندانەکان، هەروەها دەبێت ئەو لایەنە  لەبەرچاو بگیرێت کە دەستور فەراهەمی کردوە لە ئازادی ڕادەربڕین، بەشێوەیەک کاریگەریی نەبێت لە ئاراستەی کاری ڕۆژانە و پەکخستنی خزمەتگوزاری گشتی و تایبەتی.

وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەختیکردووەتەوە لە ڕێزگرتنی حکومەت لە هۆزە عێراقییەکان، کە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی و پشیتوانیکردنی هێزە ئەمنییەکان لە جەنگی دژەتیرۆر.

ڕوونیشیکردەوە ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامی دەدەن لە ئەرکەکانیان و سەپاندنی هەیبەتی دەوڵەت و جیبەجێکردنی یاسا، بە هیچ شێوەیەک بۆ کردنە ئامانجی هۆزەکان نییە.



ڕیکلام