ئیمارات: ئێران پاڵی پێوەنایین پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەینەوە

  2020-09-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیماراتی عەرەبی ڕایگەیاند، سیاسەتە "دەستدرێژکارانەکان"ی ئێران پاڵی بەوان و بە وڵاتی دیکەی عەرەبیەوە ناوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیان بکەن لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ئاژانسی ئەسۆشیتدپرێس لەزاری ئەنوەر قرقاش وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیماراتەوە بڵاویکردەوە، ئیمارات بە هیچ شێوەیەک پێویستی بەچەسپاندنی ئاشتی نەبووە لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ ڕوبەڕوبەڕوبوونەوەی ئێران، بەڵام ئەو سیاسەتەی کە لە سی دەیەی ڕابردوودا تاران پیادەی کردووە لەناوچەکەدا، بووە مایەی ترس بۆ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و وایلێکردن بە تێڕوانێکی ترەوە بڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات جەختیکردەوە، پێدەچێت ئێران ئامانجی ئەوە نەبوبێت، بەڵام هەڵسوکەوتەکانی کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر ناوچەکە.

دەربارەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەشی لەگەڵ ئیسرائیل، قرقاش جەختیکردەوە، ئەو هەنگاوە سودی ستراتیژی دەبێت بۆ وڵاتەکەی بۆ هاتنە پێشەوەی لەسەر گۆڕەپانی جیهانی.

جەختیشیکردەوە، سەرباری بوونی ناکۆکی لە جیهانی عەرەبیدا، بەڵام بەو هەنگاوە ئەبوزەبی بە هیچ شێوەیەک تەنها یەک دۆستیش لەدەست نادات لەناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات هەڵوێستی ئێرانی بە کاردانەوەی لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتەکەی و بەحرەین بە زۆر دووڵی ناوبرد و ئیدانەی تورکیاشی کرد کە دژی ڕێککەوتنەکەیان و ئەو هەڵوێستەی ئەنکەرەی بە دووڕووی تەواو لەقەڵەمدا.

قرقاش ئەنکەرەی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنا و سود وەرگرتن لە کێشەی فەلەستین بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی و ڕاشیگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا ٥٥٠ هەزار هاوڵاتی ئیسرائیلی سەردانی تورکیایان کردووە، بڕی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ساڵانە دەگاتە ٣ ملیار دۆلارز



ڕیکلام