وێنە.. ژیان گەڕایەوە بۆ دوو دەریاچەی بەناوبانگی عێراق

  2020-09-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەگوێرەی ئەو وێنانەی کە ئاژانسی ناسای ئەمریکا بۆ بۆشایی ئاسمان بڵاویکردووە، ئاوی دوو دەریاچەی سەرەکی لە عێراق زیادیانکردووەتەوە.

ماڵپەڕی (Earth Observatory )ی سەر بە ئاژانسی هەواڵی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا ناسراو بە (ناسا) دوو وێنەی دەریاچەی حەبانیەی سەر بە پارێزگای ئەنباری بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا بەراوردی ئاستی ئاو دەکات بەر لە دوو ساڵە لەمەوبەرەوە.

یەکێک لە وێنەکانی دەریاچەکە لە ١٦ی ئابی ٢٠١٨ تۆمار کراوە، کە چۆن رەنگی سور لەناو دەریاچەکەدا بڵاوبووەتەوە،  ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکە و دەرکەوتنی قەوزە و بەکتریایە، کە رەنگێکی سوریا داوە بە ئاوی دەریاچەکە.

بەڵام وێنەی دووەمیان لە ٢١ی ئابی ٢٠٢٠ تۆمار کراوە، دەردەکەوێت کە ئاستی ئاوی ڕوبارەکە زیادیکردووەتەوە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئەوەندە زیادی نەکردووە.

ناسا ئاماژەی بەوەشکردووە، دەریاچەکەی دیکەیان (ڕەزازە)یە کە دەکەوێتە نزیک پارێزگای کەربەلا و ئەویش بە هەمان شێوە ئاستی ئاوەکەی زیادیکردووەتەوە، دوای ئەوەی چەند ساڵێک بوو بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستی ئاوی دەریاچەکە زۆر دابەزیبوو.

لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی دەریاچەکانی ناوخۆیی عێراق روبەڕووی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکانیان بوونەوە، ئەویش بەهۆی وشکەساڵی و جەنگ و خراپ ئیدارەدانی بەنداوەکان، دیارترینشیان هەردوو دەریاچەی حەبانیە و ڕەزازە بوو، کە بەهۆی ئەو گوێ پێنەدان و وشکبوونەوە، ناوبانگی پێشوویان لەدەستدا، کە پێشتر دوو شوێنی گەشتیاری ناوازەی عێراق بوون.



ڕیکلام