قایمقامیەتی سلێمانی نرخی نوێی بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل لە گەراجەكان دیاریكرد

  2020-09-28  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قایمقامیەتی سلێمانی نرخی نوێی بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل لە گەراجەكانی سلێمانی ئاشكرا دەكات و مەرجیش دادەنێت بۆ سەرجەم گەراجەكان.

قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت و لیژنەی هاتووچۆ لەگەڵ خاوەنی گەراجەكانی ناوشاری سلێمانی كۆبونەوە و رێنماییەكانی كاركردنی لە گەراجەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا. 

بەگوێری بڕیارەكانی قایمقامیەت كە كۆپیەكی بۆ  (تۆڕی هەواڵی ژیان) نێردراوە، رۆژانی هەینی هاوشێوەی رۆژانیتر گەراجەكان لە كاركردندا بن، جارێكی دیكەش سێ جۆر نرخ بۆ گەراجەكان دیاری كرا. 

لەباری نرخەكانەوە لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت رایگەیاند: بەپێی خزمەتگوزارییەكانیان كرێی وەستانی ئۆتۆمبێل لە شۆفێران وەربگیرێت، ئەو گەراجانەی كۆنكرێت یان قیرتاوە لەگەڵ بوونی سەقف بۆماوەی شەش كاتژمێر تەنها (۱٥٠٠) دینارە و لەو كاتە زیاتر دەبێت بە دوو هێندە، ئەو گەراجانەی تەنها كۆنكرێت یان قیرتاوە بۆ شەش كاتژمێر (۱۲٥٠)دینار بۆ شەش كاتژمێر وەردەگیرێت و بۆ ئەو گەراجانەش كە زەوییەكەی گڵە و سەقفی نییە بۆ شەش كاتژمێر تەنها  هەزار دینار وەردەگیرێت، هەركاتێك خاوەنی گەراجێك لەو نرخە زیاتر وەربگرێت توشی سزای ماددی یان داخستن دەبێتەوە.


ڕیکلام