موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا کراو بەهۆیەوە سێ کەس کوژران

  2020-09-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئەنجامی کەوتنەوەی موشەکی کاتیۆشایەک لە نزکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ٣ کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

کەوتنەوەی ئەو موشەکە لە کاتێکدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوردە لەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی لە بەغدا، ئەوەش نیگەرانی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە.

میدیاکان بڵاویانکردەوە، کاتیۆشایەکە لە گەڕەکی "حەی جیهاد"ی بەغداوە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کراوە، بەڵام بەسەر ماڵێکدا لە نزیک دیواری فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە و بەهۆی سێ کەسی خێزانێک کوژران و دوای دیکەشیان بریندار بوون.

لەماوەی ڕابردووشدا چەندین جاری دیکە موشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا کراوە، بەڵام زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

ئاراستەکردنی ئەو موشەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، کەشی نێوان حکومەتی عێراق و واشنتۆن ئاڵۆزی پێوە دیارە، دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ئاشکرایانکرد، ئەمریکا بەنیازە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا دابخات، ئەویش بەهۆی ئەو هێرشە دووبارە و بەردەوامانەی کە دەکرێتە سەر دەوروبەری باڵیۆزخانەکان لە بەغدا.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا واشنتۆن هۆشداری توندی دایە حکومەتی عێراق، ئەگەر جڵەوی گروپە چەکدارەکان نەگرێت و ڕێگری نەکان لە ئاراستەکردنی موشەک بۆسەر ناوچەی سەوز و نوێنەراتییە بیانییەکان، ئەوا ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دادەخات.



ڕیکلام