عێراق: کشانەوەی باڵیۆزخانەکان کارەساتە

  2020-09-29  | 
ئەحمەد مولا تەلال وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداریدا لە کشانەوە یان داخستنی هەر نوێنەرایەتییەکی وڵاتان لە بەغدا و ئەو هەنگاوەشی بە کارەسات ناوبرد.

ئەحمەد مولا تەلال، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داخستن یان کشانەوەی هەر نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەیەکی وڵاتان لە بەغدا، کاریگەریی کارەستباری دەبێت لەسەر هەموو ناوچەکە.

مولا تەلال وتی "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختیکردووەتەوە لەوەی عێراق و حکومەتەکەی ڕەتیدەکەنەوە وڵات بکرێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا".

وتەبێژەکەی کازمی جەختیکردەوە، هەریەکە لە تاران و واشنتۆن پشیتوانی ئەو هەڵوێستەی عێراق دەکەن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا مولا تەلال ڕاشیگەیاند "کازمی جەختیکردووەتەوە لەوەی بڕیاری جەنگ و ئاشتی بە تەنها لە دەسەڵاتی دامەزراوە دەستورییەکانی عێراقدایە و سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا هیچ داگیرکارییەک لە عێراقدا بوونی نییە".

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا وتەبێژەکەی کازمی وتی "سەرۆکی حکومەت جەختیکردووەتەوە لەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەر داوای حکومەتەکانی پێشووی عێراق هاتوون، سەرۆک وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی کابینەی حکومەتەشی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی هەوڵەکانی حکومەت لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکاندایە".

لە کۆتایی وتەکانیدا وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆک وەزیران ڕوونیکردووە، کە حکومەت ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ پاراستی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و حکومت دڵخۆشە بە پشیتوانی باڵیۆزی وڵاتانی بیانی و ئەوروپا لە عێراق.

ئەو کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیەی  وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایانکرد، باڵیۆزی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە بارەگای باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا کۆبوونەتەوە و سەرجەمیان جەختیانکردووەتەوە لە پاراستنی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەکان لەو هێرشانەی کە ناوبەناو دەکرێتە سەریان .

بە گوتەی سەرچاوەکە ، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی باڵیۆزخانەکان و پێویستە دەستبەجێ ئەو هێرشە موشەکیانە ڕابگیرێت کە دەکرێتە سەریان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکراوەتەوە لە پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ماوەیەکە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدا و نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوامی هەیە و وەک هێرشی نیمچە ڕۆژانەی لێهاتووە .

شەوی ڕابردووش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە وڵاتەکەی نابورێت لەو هەڕەشە و مەترسیانەی کە دژ بە پیاوان و ژنانی ئەمریکا دەکرێت و هیچ دوودڵیش نابن لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک بۆ بەرگری لە خۆیان.



ڕیکلام