فواد حسێن: داوا دەکەین ئەمریکا بە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەکەیدا بچێتەوە

  2020-09-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
25 باڵیۆزی وڵاتان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەسەر رەوشی ئەمنی کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران، مستەفا کازمی لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاندوە ئێمە سورین لەسەر پاراستنی باڵیۆزخانە و کارمەندانی نێردەدیپلۆماسیەکان.

کازمی راشیگەیاندوە سورین لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەدەست کەسانی نەناسراو سەپاندنی یاسا بەسەر هەمواندا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی وڵاتان تەنیا لە دژی ئەو وڵاتانە نیە بەڵکو لە دژی هەموو گەلی عێراقە.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی وڵاتان نیگەرانی خۆیان لە روداوەکانی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکانیان راگەیاند و وتیان ئەم دۆخە مەترسی لەسەر ژیانی دیپلۆماتکار و کارمەندەکانیان دروستکردوە.

هەروەها لە دوای کۆبونەوەکە فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە ئەمریکا کرد بە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەکەیدا بچێتەوە،چونکە ئەگەر ئەمریکا باڵیۆزخانەکە دابخات وڵاتانی دیکەش عێراق جێدەهێڵن.

وتیشی لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران بەرپرسانی ئێران رەتیانکردۆتەوە پەیوەندیان بەو کەسانەوە هەبێت کە هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەکانن.

ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی بەردەوام هێرشەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئیدارەی ئەمریکا بە نیازە باڵیۆزخانەکەیە لەبەغدا دابخات کە گەورەترین باڵیۆزخانەیە لە ناوچەکدا.


ڕیکلام