وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی خاوی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، کە دەردەکەوێت نرخی نەوتی کەرکوک گرانتر بووە لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق.
وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی ئابدا بڕی ٣ ملیۆن و ٥٧٨ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە کراوە، بەشێوەیەک ڕۆژی دوو ملیۆن و ٥٩٧ هەزار بەرمیل رەوانەی دەرەوە کراوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە نرخی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، کە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە کراوە، هەر بەرمیلێک بە بڕی ٤٤ دۆلار و ٤٨ سەنت فرۆشراوە، لەکاتێکدا هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی بەسرە بە ٤٣ دۆلار و ٤٣ سەنت فرۆشراوە.
بڕی داهاتی نەوتی هەناردە کراو لە مانگی ئابدا، ٣ ملیار و ٤٩٢ ملیۆن و ١٦٤ دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لە مانگی ئابدا هیچ بڕە نەوتێکی هەناردەی وڵاتی ئوردن نەکردووە.