ئەمریکا بەنیازە بنکەی ئەنچەرلیکی تورکیا چۆڵ بکات

  2020-09-30  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، واشنتۆن پلان دادەنێت بۆ گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکانی لە بنکە ئاسمانی ئەنچەرلیکی تورکیاوە بۆ دورگەی (کریت) لە یۆنان، وەک سزادانیکی سەرۆکی تورکیا لەسەر هەڵسوکەوتەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ یۆناندا.

بە گوێرەی ڕۆژنامە بەریتانیاییەکە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەم هەفتەیە سەردانی یۆنان دەکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆڵکردنی بنکەی ئاسمانی ئەنچەرلیک لە تورکیا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە و گواستنەوەی بۆ ناو خاکی یۆنان، بە دیاریکراویش بۆ دورگەی کریت لەو وڵاتە.

ئامانج لەو هەنگاوەش بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، کە ماوەیەکە جموجموڵ و چالاکییەکانی تورکیا بووەتە مایەی مەترسی و نیگەرانی یۆنان و ئەمریکا و ژمارەیەک لەوڵاتانی ئەوروپا.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ یۆنان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن هیچ توانای دانبەخۆداگرتنی نەماوە لەبەرامبەر هەڵوێستە ئیستیفزازییە دووبارەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە دیارترینیان کڕێنی موشەکی ئێس ٤٠٠ ڕوسی دژە ئاسمانی، سەربازی ناڕەزاییەکانی ئەمریکا، کە تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە.

لەوبارەیەوە (ئاساناسیۆس درۆگۆس) شیکەرەوەی سەربازیی یۆنانی ڕایگەیاند "تا ئێستا نازانرێت کە ئایا واشنتۆن توانای هەیە هەموو توانا سەربازییەکانی بە موشەکە ئەتۆمییەکانیشەوە، لە بنکەی ئاسمانی ئەنچەرلیک بگوازێتەوە، تا ئێستا ئەوە دیار نییە، بەڵام سەردانی پۆمپیۆ بۆ یۆنان ئەو پەیامە بەهێزتر دەکات، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشوێن بژاردەی دیکەدا دەگەڕێت، ئەوەش وەک دڕکێک دەبێت کە لە گەرووی ئەردۆغان بچەقێت".

تا ئەم ساتەش بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیک ، کە لە ترۆپکی چەندی ساردی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی جاران بنیاتنراوە، ، بەبنکەیەکی زیندوو و ستراتیژی دادەنرێت بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت لە جەنگی دژی داعش لە عێراق  سوریا بەکارهێنراوە، بۆ ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکان لە عێراق و سوریا.

بەڵام لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشوێن بنکەیەکی نوێدا دەگەڕێت بۆ جێگرەوەی ئەنچەرلیک، ئەو شوێنەش کە دیاریکراوە ، پێکهاتووە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لەسەر کەناری ڕۆژهەڵاتی دورگەی کریتی یۆنانی، کە بە "کەنداوی سودا" ناسراوە و بڕیاریشە پۆمپیۆ لەسەردانەکەیدا بۆ یۆنان بنکەیەکە بەسەر بکاتەوە.

دەربارەی ئەو هەنگاوەی واشنتۆن، "ڕۆن جۆنسۆن" سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەوروپا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو بنکە سەربازییەی کە دەکەوێتە کەنداوی سوداوە بایەخێکی ستراتیژی گرنگی دەبێت بۆ وڵاتەکەی لە داهاتوودا.

 

 



ڕیکلام