ڕاپۆرتێک دەڵێت عێراق پابەندی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس نەبووە

  2020-10-03  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرباری بەڵێنە بەردەوامەکانی بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەسەوە، بەڵام داتا و زانیارییەکان دەریدەخەن، کە عێراق دووەم بەرهەمهێنی نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپیک، لە مانگی ئەیلولدا کەمێک زیاتری هەناردە کردووە لەچاو مانگی ئابی رابردووتردا.

ماڵپەڕی (Oil Price ) ی تایبەت بە هەواڵەکانی وزە، عێراق لە مانگی ڕابردوودا نزیکەی ٧٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە.

ئەوەش بە مانای ئەوەیە، لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو، ناوەندی هەناردەی نەوتی خاو لە عێراق ڕۆژانە گەیشتووەتە ٢ ملیۆن و ٦١٣ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا مانگی ئاب بڕەکە ٢ ملیۆن و ٥٩٧ هەزار بەریمل بووە، بە واتای ١٦ بەرمیل نەوتی زیاتر هەناردە کردووە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، عیراق یەکێکە لەو ئەنجامانەی ئۆپیک پڵەس کە کەمترین پابەندبوونی هەیە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت، بە تایبەت چەند مانگێکە دەڵێت پابەند دەبێت بە کەمکردنەوەی بەرهەمە نەوتی خۆی وەک ئەوە بڕەی بۆ دیاریکراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پابەند نەبووە.

ئەو ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی (Oil Price ) لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق  ڕایگەیاند، عێراق پابەندە بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس، کە داوای کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی کردووە، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناو  ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپکیشی کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕێگرییانەی کە هاتوونەتە بەردەم بازارەکانی نەوت لە جیهاندا، بە تایبەت بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو.

نزمبوونەوەی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە، بووەتە هۆی فشارێکی گەورەی دارایی لەسەر عێراق، ئەوەش بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ حکومەت، کە لەهەوڵی چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی جەنگ و گەندەڵییە بە لە هەموو جەستەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تەشەنەی کردووە.

سەرباری بەردەوامی مەترسیەکانی کۆرۆنا، ماوەی چەند مانگێکە نرخی نەوت بەجێگری ماوەتەوە و لەنێوان ٤٢ بۆ ٤٥ دۆلاردایە، کە بە بەراورد بە مانگی ئازاری ئەمساڵ زۆر باشترە، کاتێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو هاتە سەر ٢٠ دۆلار.

حکومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە بری ٤ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و خەرجییەکا نی حکومەت، کەرتی حکومەتیش گەورەترین قورسایی لەسەرە بۆ دابینکردنی هەلی کار، بەشێوەیەک حکومەتی عێراق لە ئێستا موچەی نزیکەی ٤ ملیۆن کەس دەدات، لەگەڵ دابینکردنی کۆمەکی دارایی و موچەش بۆ ٤ ملیۆن هاوڵاتی دیکەی عێراقی.



ڕیکلام