کازمی: لە مێژوودا عێراق بە قەیرانی ئابوری وا خراپدا تێپەڕ نەبووە

  2020-10-03  | 
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو قەیرانە ئابورییەی ئێستا لە ئارادایە پێشتر بە مێژووی عێراقدا تیپەڕ نەبووە، جەختیشیکردەوە هەندێک هێز و گروپ هەمان هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەلایەن کەناڵی عێراقییەوە پێشکەش کرا کازمی وتی "حکومەتی ئێستا دۆخی کۆمەڵایەتی بەرهەمی هێناوە و خۆپیشاندانەکانی تشرینیش قۆناغێکی جیاواز بووە لە مێژووی عێراق، هەر ئەویش هۆکاری سەرەکی بوونی ئەم  حکومەتەیە.

کازمی وتیشی "حکومەتی ئیستا حکومەتی چارەسەرە نەک حکومەتی قەیران، ئامانجیشی گەیشتنە بە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە پاک و دادپەروەرانە".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، لەیەکەم ڕۆژی وەرگرتنی دەسەڵاتی حکومەتەوە تۆمەتی ئاراستە دەکرێت، ئەو قەیران و بێسەروبەرییەی کە عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، پەرچەکرداری خراپی ئیدارەی وڵاتە.

لەو چاوپێکەوتنەدا کازمی ڕاشیگەیاند "هەندێک لە هێز و گروپەکان هەمان هەڵەی ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە، ئەگەر بێتوو ئەوەی ئەو گروپانە دەیانویست بمدانایەتێ ئێستا بەرگرییان لێ دەکردم لەبری ئەوەی تۆمەتم ئاراستە بکەن".

ڕوونیشیکردەوە دەستوری عێراق بە دەق باس لەوە دەکات، پێویستە لەسەر حکومەت باشترین پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتاندا بنیات بنێت بۆ خزمەتکردنی گەلی عێراق، پەیوەندییەکانیش لەگەل واشنتۆن لەسەر بەرژەوەندیی بنیاتنراون.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشیکردەوە، پێویستە لەسەریان بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن لەگەڵ ئەمریکا، لە بوارە ئابورەکانی ئابوری و فێرکردن و تەندروستی و ئاسایش، پێشی وایە ئەمریکا کەوتە هەڵەی گەورەوەە لەکاتی داگیرکردنی عێراقدا.

لە کۆتایی وتەکانیدا کازمی ئاشکرایکرد، هیچ هەڕەشەیەکیان لەئەمریکاوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە داخستنی باڵیۆزخانەی لە عێراق، بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە لە هیچ دەوڵەتێک قبوڵ ناکەن، بەڵام نیگەرانی ئەمریکایان پێگەیشتووە سەبارەت بە ئاسایشی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانیان لەعێراق.



ڕیکلام