لیژنەی دارایی پەرلەمان: دابەشکردنی موچە ئەرکی حکومەتە

  2020-10-04  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،دابینکردنی موچە ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردنە نەک پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادان.

لەبەیاننامەیەکدا لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، کە دەربارەی قەرزکردنی حکومەت بۆ بابەتی موچە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، جێگەی داخە کە حکومەت دەیەوێت تۆپەکە هەڵبداتە گۆڕەپانی پەرلەمانەوە و سەرپشکی بکات لە نێوان رەزامەندی لەسەر قەرزکردن و لێدوانەکانی وەک فشار بۆسەر پەرلەمان بەوەی کە بە بێ ڕەزامەندی پەرلەمان لەسەر قەرز موچە نابێت، هەموو ئەوەش بۆ ئیحراجکردنی پەرلەمان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا پەرلەمان چاوەڕوانی ئەوە بوو، حکومەت و وەزارەتی دارایی یاسای قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرەکی جێبەجێ بکات، کە لە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیرانەوە ماوەی ٦٠ ڕۆژ دیاریکراوە، بۆ پێشکەشکردنی پلانی چاکسازی  ئابوری و دارایی، بەڵام حکومەت ئەوانی تووشی سەرسوڕمانکردووە، بە یاسایەکی دیکەی قەرزکردن.

ڕوونیشیکردووە، ئەوەش ئەوە دەردەخات کە کاری وەزارەتی دارایی تەنها قەرزکردنە، بۆیە گەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا عێراق لەماوەی ٦ مانگدا مایەپوچبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت، کە کاریگەرییەکانی تا چەندین نەوەی داهاتوو دەمێنێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەوە، تا ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیووە موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی خۆی دابەش بکات، لە هەرێمی کوردستانیش ڕاشکاوانە حکومەتی هەرێم دەڵێت چاوەروانی پارەکەی بەغدان بۆ دابەشکردنی مووچە، کە ئەگەر دەست بە دابەشکردنی بکرێت، موچەی مانگی نیسان دابەش دەکرێت.



ڕیکلام