ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک ڕەتیکردەوە بارەگاکەی ڕادەستی پارتی کردبێت

  2020-10-04  | 
سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی شاری کەرکوک
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
پاش بڵاوبونەوەی دەنگۆی چۆڵکردنی، فەرماندەیی ژوری ئۆپڕاسیۆنەکانی کەرکوک ڕەتیدەکاتەوە بارەگای پێشوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیانی پارتی چۆڵ بکات.

پاش بڵاوبونەوەی دەنگۆی چۆڵ کردنی بینای پێشوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک گەرمیانی پارتی لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردودا، فەرماندەیەکی ژوری ئۆپڕاسیۆن ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو بینایەی پێشووی بارەگای سەرکردایەتی کەرکوک گەرمیانی پارتی ڕادەست بکەنەوە کەلەدوای ١٦ ئۆتۆبەرەوە بە فەرمی تێیدا نیشتەجێن.

 دەلەف محمەد ئەفسەر لەبەشی ڕاگەیاندنی ژوری ئۆپڕاسیۆنی هاوبەش کە بارەگاکەی دەکەوێتە سەر ڕێگای گشتی کەرکوک - هەولێر لەگەڕەکی شۆراو، بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند "هەموو ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لەڕادەست کردنەوەی بارەگاکە دەکەن، ئێمە وەکو فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی کەرکوک لەو بارەگایە لەڕایی کردنی کارەکانی خۆمان بەردەوامین وسەرقاڵی داڕشتنی پلانە سەربازیەکانین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش، وتیشی هیچ گۆڕانکاریەک لەدۆخەکەدا نیە وئەم پرسانە پرسێکی سەربازیە وپەیوەست نیە بەهیچ بڕیارێکی دیکەوە، تا ئێستاش هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ ڕادەست کردنەوەی ئەو بارەگایە نیە وحکومەت گەربیەوێ هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێ بەفەرمی ئەنجام دەدرێت".

دوێنێ پاش بیستنی هەواڵی چۆڵ کردنی بیناکە،بەشێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی لەسنوری حەویجە بەنیازبوون گردبونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم بارەگاکە ئەنجام بدەن وناڕەزایی خۆیان دەرببڕن لەوەی ڕێگا نادەن بارەگاکە بدرێتەوە بەپارتی.

فەرماندەیی ژوری ئۆپڕاسیۆنی هاوبەش کە ماوەی ٣ ساڵە ئەو بینایەی کردۆتە بارەگای فەرمی خۆی سەرپەرشتی هێزە جیاوازەکانی هاوشێوەی دژە تیرۆرو لیوای ٦١ هێزی تایبەت وپۆلیسی فیدڕاڵی وهێزەکانی حەشدی شەعبی وسوپای عێراقی وپۆلیسی خۆجێی پارێزگاکە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق لەزاری سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکەوە بڵاویکردەوە، فەرماندەییەکە بەردەوامە لەئەرکەکانی خۆی لە بارەگاکەی، لەڕێگەی چاودێریکردن و بەسەر کردنەوەی پلانەکانی بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە دەکەونەوە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانییەوە.

حەربیە وتی "هیچ گۆڕانکارییەک لەئارادا نییە لە بارەگای ئۆپراسیۆنەکان، ئەو بابەتانە بەتەواوی سەربازین، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان نییە بە بابەتی دیکەوە".

ئەو لێدوانانەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک لەکاتێکدایە، هەندێک لە دەزگایی میدیایی بڵاویانکردبۆوە، گوایە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک چۆڵکراوە و ڕادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە.



ڕیکلام