سوپای تورکیا چوار گوندی لە سنوری زاخۆ بۆردومانکرد

  2020-10-04  | 
دهۆک
بۆردومانکردنی سنورەکانی هەرێم لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا
ئەرشیڤ
 مێهڤان مەجید
سوپای تورکیا گوندەکانی پەرەخ و شیشێ لە ناحیەی دەرکار و گوندەکانی کەشان و شیدنێ-ی لە ناحیەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆ بۆردومانکرد.

ھاوڵاتی قادر خالد لە ناحیەی دەرکار بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، ئەمشەو جارێکی دیکە سوپای تورکیا گوندەکانی پەرەخ و شیشێ لە سنوری ناحیەی دەرکاری بەچڕی بۆردومانکرد و بەوهۆیەشەوە زیانێکی مادی زور بەر گوندنشینەکان کەوتووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە بۆماوەی ٢٠ خولەک بەردەوام بوو، هاوکات فڕۆکە سیخورییەکانی تورکیاش چەند جارێک بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.

شایەتحاڵێکی دیکە لە ناحیەی باتیفا بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو گوندەکانی کەشان و شیدنێ لە سنوری ناحیەی باتیفا، لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردومانکراون و لە ئەنجامی بۆردومانەکەش ئاگر لە پووش و پاوانی گوندی کەشان کەوتووتەوە.

نزیکەی سێ مانگە سوپای تورکیا بەبیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتەسەر سنورەکانی زاخۆ و ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی سڤیل شەھید و برینداربوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە کەوتووە.



ڕیکلام