مونا قەهوەچی روونكردنەوە لەبارەی چارەنوسی یاداشتی 23 پەرلەمانتارەكە دەدات

  2020-10-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان و یاداشتی 23 پەرلەمانتارەكە بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی روونكردنەوە دەدات.


مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە دیدارێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا  باسی لە شێوازی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان كرد و دەڵێت: سەرۆكی حكومەت بابەتێك دەخاتەڕوو، دەكرێت پەرلەمانتار بەشداربێت لەو گفتوگۆیە بۆ دەوڵەمەندكردنی بابەتەكە بەڵام ناتوانێت پرسیار بكات. 

ئەو سەبارەت بەئەنجامی داواكاری بەشێك لە پەرلەمانتاران بۆ پرساندنی حكومەت، وتیشی " لەڕاستیدا ئەم یاداشتە كەئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان كرا، ڕۆژی چوارشەممە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نوسراوی یاداشتەكەی ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لەماوەیەكدا كەپەیڕەو كاتەكەی دیاریكردووە وەڵامەكەی سەرۆكی حكومەت دێتە پەرلەمان، واتە لێرەدا بابەتی پرساندن جیایە لەو دانیشتنەی ئەمڕۆ."

سكرتێری پەرلەامنی كوردستان وتیشی "ئەوەی لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، بەدەمەوە هاتنە لەسەر سەرجەم یاداشتەكان لەلایەن هەر فراكسیۆنێك ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی بكرێت، ئێمە بەخاڵی پەیڕەوییەكانی خۆمان جێبەجێی دەكەین".

ئەو روونیشیكردەوە "یاداشتی پرساندن نوسراو ئاراستەكراوە و دەبێت چاوەڕێی وەڵامی ئەو نوسراوانە بكەین، وەڵامەكەشی دەبێت بەشێوازێك بێت پڕ بەزانیاری و بەدۆكیومێنت بێت، واتە لەسەر ئاستی پەرلەمانتاران بێت كەبەرچاو ڕوونیەكی باشیان هەبێت سەبارەت بەو پرسیارانەی كە لەناو یاداشتەكەدا هەیە."

قەهوەچی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە ئاماژە بەوە دەكەن سەرۆكی حكومەت بۆ شكست پێهێنان بە یاداشتی 23 پەرلەمانتارەكە داوای دانیشتنی پەرلەمانی كردووە لەو بارەیەوە دەڵێت: دەبێت بارودۆخ بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەكان هەڵسەنگاندنیشی بۆ بكرێت، كە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی پەرلەمان نەیتوانیوە چەندین دانیشتن ئەنجام بدات. 


ڕیکلام