بۆ بنیاتنانی کۆشکێکی ئەردۆغان 50 هەزار درەخت لەناوبراوە

  2020-10-05  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە کاتێکدا گەلی تورکیا گیرۆدەی قەیرانێکی قورسی دارایی بوونەتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەردەوامە لە پلانی دروستکردنی کۆشکی شاهانە بە پارەی باجی هاوڵاتیان، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی رابردووی عوسمانییەکان.

سەرباری ئەو ڕەخنانەی کە ئۆپۆزسیۆن ئاراستەی سەرۆکی تورکیای دەکەن، بەڵام ئەو بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ دروستکردنی پرۆژەکانی، کە زۆربەیان بە ملیۆنان دۆلاریای تێدا خەرج دەکرێت.

ماڵپەری (DW)ی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە یەکێک لەو کۆشکانە لە سەر کەناری دەریاچەی وان دروست دەکرێت، کە بەتەواوی کۆپی کۆشکەکەی "عەلادین کیقبادی یەکەم" سوڵتانی سەلجوقی ئەنادۆڵی، وەک حکومەت تورکیاش دەڵێن شوێنی دروستکردنەکەی بەدیاریکراوی لە هەمان ئەو شوێنە کە "ئەلب ئەرسەلان" سوڵتانی سەلجوقی خێمەکەی لێهەڵداوە، لە کاتی جەنگەکانی لەگەڵ بیزەنتنییەکان و تیاشیدا سەرکەوتوو بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی تورکیا بودجەی بنیاتنانی کۆشکەکە بە ١٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار یۆرۆ خەمڵێنراوە، بەڵام لەکاتی دەستپێکردنی پرۆژەکەدا وا ڕاگەیەندرابوو، کە بودجەکەی لە ٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار یۆرۆ تێپەڕ ناکات، پڕۆژەکەش لەلایەن بەڵێندەرێکی هاوڕێی کۆنی ئەردۆغانەوە بنیات دەنرێت.

بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەدژایەتی خۆی نەوەستاوە لەدژی ئەو خواستانەی ئەردۆغان، بەڵکو چەند جارێک هەوڵی وەستاندنی پلانی کۆشکەکانی داوە، لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٩دا بە بڕیاری دادگای دەستوری تورکیا، کارەکانی بنیاتنانی ئەو کۆشکە ڕاگیران، چونکە ڕێگر دەبوو لە گەیشتنی هاوڵاتیان بە کەناری دەریاچەی وان.

بەڵام دواتر حکومەتەکەی ئەردۆغان کاری کرد لەسەر گۆڕینی ئەو یاسایەوە و لە کۆتایشدا گەمارۆکانی سەر بنیاتنانی کۆشکە لابران و ئەردۆغان بە دەربڕینێکی خۆبەزلزانییەوە لە دژی نەیارەکانی وتی "دەتوانیت سەری خۆت بدەیت لە زەوی، هەر چۆنێکت دەوێت، ئەو کۆشکە هەر بنیات دەنرێت".

گولیزار بایسەر پەرلەمانتاری یارتی کۆماری گەلی تورکیا دەربارەی هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆغان دەڵێت " بەهۆی چاوچنۆکی یەک پیاوەوە، دەبێت قوربانی بدرێت بە کەنارەکانی دەریاچەی وان، لە کاتێکدا ملیۆنان هاوڵاتی تورکیا لە قەیرانی ئابوریدا دەژین، ئەم پیاوەش کۆشک لەدوای کۆشک بۆخۆی دروستی دەکات".

لە بەرامبەریشدا پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار وەڵامی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی داوەتەوە و وتوویەتی "ئێوە چۆن سەیری ئەو کۆشکانە دەکەن. ئێمەوە ئەو باڵەخانانە وەک پێگەیەکی نەتەوەکە سەیریان دەکەین".

لەپاڵ ئەو کۆشکانەدا ئەردۆغان کۆشکێکی هاوینەی لەسەر کەنداوی "ئاولوغول" لە نزیک شاری مارمەریس بۆ بنیات دەنرێت.

بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی تورکیا پڕۆژە بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت و هاوڕێی ژینگەش نییە، کۆشکەکە لە ٣٠٠ ژوور پێکهاتووە و تا ئیستا کە تەواو نەکراوە، بڕی ٣٧ ملیۆن یۆرۆی تیا خەرجکراوە، بۆ بنیاتنانی ئەو کۆشکە هاوینەکە ٥٠ هەزار دار هەڵکەندراوە و فەوتێنراون.

شوێنی مانەوەی فەرمی ئەردۆغان کە لە ساڵی ٢٠١٤وە تیا نیشتەجێیە لە ئەنکەرە، سەرەتا بەهۆی بودجەی زەبەلاحی پرۆژەکە و بەهۆی ئەوەی لەناو شوێنێکی سروشتیدا بنیات دەنرا، ڕێگری کرا لە دروستکردنی، بەڵام ئەو هەنگاوە ئەردۆغانی سارد نەکردەوە و بە بودجەی ٥٠٠ هەزار یۆرۆ (نیو ملیار )یۆرۆ بنیاتی نا.

کۆشکەکانی ئەردۆغان کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر خەزێنەی دەوڵەت، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت لەڕێگەیانەوە کۆتایی بهێنێت بە مۆرکی کۆماری  و زیندووکردنەوەی سەردەمی عوسمانی لە دەروونی هاوڵاتیانی تورکیادا.

ئەو سێ کۆشکەی ئەردۆغان لەپاڵ پرۆژەکانی دیکەدا، وەک دیاریەکی بیناسازی سیاسیانەی ڕابووی سەردەمی سەلجوقی و عوسمانی وایە و تەواو جیاوازن لە نموونەی ئەو باڵەخانانەی کە لەدوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ دەست بە بنیاتنانیان کرا.



ڕیکلام