دادگای ئیتالیا پێداچوونەوە بە دۆسیەی مەلا کرێکار دەکات

  2020-10-05  | 
سلێمانی
نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خالد ڕەنجدەر برای نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار ڕایگەیاند، بڕیارە دادگای ئیتالیا پیداچوونەوە بە دۆسیەی مەلا کرێکاردا بکات.

خالد ڕەنجدەر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیوەندییەکدا بە سکایپ قسەم لە گەڵ مامۆستا کرێکار لە زیندانەکەی لە ئیتالیاوە کرد.

دەشڵێت، "سوپاس بۆ خوا تەندروستی زۆر باشە، زۆر لەسەر گۆڕانکارییەکان قسەمان نەکرد و زیاتر جەختمان لە باردوۆخی خۆی لە زیندانەکەی کردەوە" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر داوای پارێزەرەکەی ئیتالیای بڕیارە دادگای ئیتالیا سەیری دۆسییەکەی مەلا کرێکار بکاتەوە.

خاد ڕەنجدەر روونیشیکردووەتەوە، دادگا تەنها سەیری ئەوە دەکاتەوە کە ئایا ئەو ماددە یاسایی و بڕگانەی بەکارهاتوون لە حوکمدانەکەیدا بە ١٢ ساڵ زیندانی ڕاست بەکارهاتوون و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە ئەستۆی لەو ماددانەدا جێگەیان دەبێتەوە یان هەڵەی تێداکراوە.

ڕۆژی ٢٦ی ئازاری ئەمساڵ وەزارەتی دادی نەرویج ئاشکرایکرد، مەلا کرێکاریان ڕادەستی حکومەتی ئیتالیا کردووە، کە لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠١٩وە لە نەرویج لەزیندان ڕاگیرابوو .

دادگای بۆلزانۆ لە ئیتالیا، ڕۆژی ١١ تەموزی ٢٠٢٠، بڕیاری کۆتایی زیندانیکردنی ١٢ ساڵی بەسەر نەجمەدین فەرەج ئەحمەدی ناسراو بە مەلار کرێکار سەپاند، بە بەهانەی "ئەنجامدانی کار و پلاندانانی تیرۆریستی ".

نەجمەدین فەرەج ئەحمەد، ناسراو بە مەلا کرێکار، لە ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەدایک بووە، بڕوانامەی ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا ھەیە، خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە، زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و نەرویجی دەزانێت.



ڕیکلام