بڕیاری پێدانی چیمەنتۆ لەبری موچە لە عێراق هەڵوەشایەوە

  2020-10-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی نوسراوێکی کۆمپانیای گشتی چیمەنتۆی عێراق، کە ڕێگە دەدات بە فەرمانبەرەکانی لەبری موچەی دواکەوتووەکان مانگە چیمەنتۆ وەربگرن.

خالید بەتال نەجم وەزیری پیشەسازی و کانزاکان فەرمانێکی وەزاری دەرکردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە فەرمانی دابەشکردنی چیمەنتۆ بەسەر فەرمانبەران لەبری موچە دواکەوتووەکانیان.

لە بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چیمەنتۆی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر فەرمانبەرێک بیەوێت لەبری موچە دواکەوتووەکەی بڕی ٥ تۆن چیمەنتۆ بە نرخی فەرمی وەردەگرێت و مانگانە بڕی ٥٠ هەزار دینار لە موچەی دەبڕدرێت.

وەزیری پیشەسازی و کانزاکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە بڕیارێکی کەسییە و بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت دراوە.

بەڵگەنامەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراقدا قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە گاڵتەجاڕییەوە باسیان لە بڕیارەکە کرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی هەفتەیەک بەسەر مانگی ئەیلولدا بەڵام هێشتا موچەی ئەو مانگەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج نەکراوە، حکومەت دەڵێت بۆ دابینکردنی موچە پێویستە یاسای قەرزکردن لە پەرلەمانەوە دەربکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی وەربگیرێت.



ڕیکلام