لیژنەیەکی باڵا لێکۆڵینەوە لە کردنە ئامانجی باڵیۆزخانەکان دەکات

  2020-10-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ئاسایشی نەتەوەیی و دوو لێپرسراوی دیکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان، بۆ لیکۆڵینەوە لە هێرش و کردنە ئامانجی باڵیۆزەخانەکان.

لە فەرمانەکەی کازمیدا هاتووە "پشتبەست بە بەرژەوەندی گشتی بڕیارماندا بەپێکهێنانی لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و، ئەندامیەتی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولغەنی ئەسەدی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی و عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپا و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی سەربازی و ئەمنی".

لیژنەکە لێکۆڵینەوە دەکات لە و پێشێلکارییانەی کە دەبنە هۆی بە ئامانج گرتنی ئاسایش و هەیبەت و پابەندبوونە  نێودەوڵەتییەکانی عێراق و دیاریکردنی کەسانی کەمتەرخەم.

بریاریشە لیژنەکە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا کارەکانی بە ئەنجام بگەیەنێت.

هەر ئەمڕۆش سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی یەکەمی لەگەڵ لیژنەکەدا کرد و ڕایگەیاند "ئەو لایەنانەی کە هاوڵاتی عێراقی دەکوژن و بریندار دەکەن، بە پێچەوانەی ئەوەی پڕوپاگەندە بۆ ئەو دەستدرێژییانە دەکەن، ئەوانە سوکایەتی بەعێراق و داهاتووی وڵاتەکە و پەیوەندییەکانیشی دەکەن".

کازمی جەختیکردەوە، کێشەکە سنوری تێپەڕاندووە، ئەوە سەرەڕای ئەو قەیرانانەی دیکە کە عێراقی تیا دەژی، عێراق بە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدا تێپەڕ دەبێت و دەوڵەتیش لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدایە.

ئەو بڕیارەی کازمی دوای ئەوە دێت، بەهۆی هێرش بەسەر ناوچەی سەوز و کردنە ئامانجی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا، واشنتۆن هەڕەشەی  داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کردووە لەبەغدا، ئەگەر بێتوو حکومەتی عێراق کار نەکەن لەسەر وەستاندنی هێرشەکان.



ڕیکلام