فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەندامەکەمان ئامادەی چوونە دادگایە

  2020-10-07  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ئەندامێکیان بە تەزویرکردنی وەسڵی گومرگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەندامەکەیان ئامادەی چوونە دادگایە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ئەندامێکی فراکسیۆنەکەمان بەناوی مەحەمەد شێخ وەهاب لە دادگای دادگای لێکۆڵینەوەی خانەقین  / قۆرەتو لە گەرمیان، کە تۆمەتبارکراوە بە تەزویرکردنی وەسڵی گومرگی، ئێمە لە هەموو کەس و لایەنێک زیاتر کار بۆ سەروەری یاسا و سزادانی تاوانکاران دەکەین لە کاتی جێگیربوونی تاوانەکەیدا، بەڵام ئەندامەکەی ئێمە لە ئێستادا تەنها تۆمەتبارە و ئامادەی چوونە دادگایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، "هاوشێوەی ئەم جۆرە کەیسانە دەبێت پارێزراو بێت  لەبەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەو  و  سەلماندنی تاوانەکە، چونکە تۆمەتباریش دەبێت مافی پارێزراو بێت، پاڵپشت بە بنەمای (( المتهم برئ حتی تثبت ادانتە ))، ئەم بابەتە دوور لە ڕێکارە یاسای و میدیاییەکان لە ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتە کە ئامانج لێی، لێدانە لە بزوتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنەکەمان".

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، لەکاتێکدا ئەندامەکەی ئێمە لە دامەزراوەیەکی فەرمیدا کاردەکات و بەپێی مادەی ۳۰ لە یاسای ۳ی ساڵی ۲۰۰۹ی پارێزگاکان دەبێت لەلایەن دادگاوە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداربکرێتەوە و ناوبراو ئامادە بکات بۆ چوونە بەردەم یاسا، بەڵام بەداخەوە لەلایەن پۆلیسەوە چونەتەسەر ماڵیان  بێ ئاگادارکردن و دوور لە بنەماکانی پاراستنی مافی تۆمەتبار و کەسوکارەکەی.

دەشڵێت، دەنگدەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداردەکەینەوە کە ئێمە لە فراکسیۆن پێشەنگی داکۆکی لە مافی هاوڵاتیان دەبین، دەستبردن بۆ داهاتی گشتی بەشێوەی ناڕەوا شەرمەزارو  ڕیسوا دەکەین و هەرکاتێک هەر ئەندامێکی ئێمە لە دادگا بسەلمێت لەسەری کە تاوانی ئەنجامداوە، خۆمان هۆکاردەبین بۆ بە سزا گەیاندنی .

ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، ڕۆژی ڕابردوو بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە کە مەحەمەد شێخ وەهاب ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەتۆمەتی تەزویرکردنی وەسڵی گومرگی لە مەرزی پەرویزخان، لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراوە.



ڕیکلام