کرۆکەر: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەیەکی تۆقینەرە بۆ هاوپەیمانان

  2020-10-08  | 
ڕایان کرۆکەر لە ساڵی 2007 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە عێراق
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕایان کرۆکەر باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە عێراق بە کراوەیی بهێڵێتەوە، دانبەخۆداگرتنێکی ستراتیژییانەی هەبێت بۆ پشیتوانیکردن لە مستەفا کازمی.

ڕۆژنامەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری کرۆکەرەوە بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند "داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کارێکی قبوڵنەکراوە بەشێوەیەک کە ناتوانرێت باوەڕی پێ بکرێت، پێویستە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشوێن ڕێگەکانی پشتیوانیکردن لە مستەفا کازمیدا بگەڕێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر دیپلۆماتکاری وڵاتان، کە لەو دەوڵەتانەش ململانێیان تێدایە، لە پاڵ سەربازانی ئەمریکادا بمێننەوە، چونکە کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاماژەیەکی تۆقێنەرە بۆ هاوپەیمانان.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ڕایان کرۆکەر وتوویەتی "کێشەکانی عێراق کازمی دروستی نەکردوون، بەشێوەیەکی گشتی ململانێ و ڕێگرییەکانی ناوچەکە پێویستی بە کاتێکی درێژخایەن هەیە بۆ داڕشتنەوەی و کاتێکی درێژتریش بۆ چارەسەرکردنیان".

ئەو وتانەی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە بەغدا لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٧ی مانگی ئەیلولی ڕابردوو، چەند لێپرسراوێکی عێراق و بیانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس" یان راگەیاندبوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتێ.

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، واشنتۆن هۆشداری داوەتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان نەکەونە جوڵە لەدژی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەوا بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە، بۆ دڵنیایی ئەوەی ڕێگە نادەن ئەو دۆخە بەردەوام بێت.

دوای ئەو هۆشدارییەی ئەمریکا هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی جەختیانکردەوە لەوەی پێویستە چەک تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و پارێزگاری لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکان بکرێت و بەرپەرچی هەر کارێکی دەرەوەی یاسا بدرێتەوە، کە ئاسایش و سەروەریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

دواتریش وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، داخستن یان کشانەوەی هەر نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەیەکی وڵاتان لە بەغدا، کاریگەریی کارەستباری دەبێت لەسەر هەموو ناوچەکە.

ماوەیەکە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا زیادیکردووە و ئەمریکا گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدەری ئەو هێرشانە.

رایان کرۆکەر لە ساڵی ٢٠٠٧ باڵیۆزی ئەمریکاى بووە لە بەغدا.



ڕیکلام