بەدواداچون بۆ کوالێتی بەنزین و سوتەمەنی هاوردەکراو دەکرێت

  2020-10-08  | 
هەولێر
حکومەتی هەرێم بەدواداچون بۆ کوالێتی بەنزین و سوتەمەنی ھاوردەکراو دەکات
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ کوالێتی بەنزین و سوتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوە دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/10/8 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت  و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی كوردستان کۆبووەتەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا ، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی، بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بیناتنانی ژێرخانێکی ئابووری بە هێز و سەرکەوتوو،  کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا ، لە پێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی .

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتی لیژنەیەکی تایبەتی خستووتەڕوو، سەبارەت بە کێشەی کوالێتی بەنزین و سووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان.

دواتر سەرجەم پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پەسەندکراون ، لە نێویاندا گرنگیی یەکخستن و نوێکردنەوەی پێوەر و ستانداردە تەکنیکی و تەندروستی و سەلامەتیی و ژینگەیی پێوانەی کوالیتی سوتەمەنیەکان، لە سەرتاسەری ھەرێم،   هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی تاقیگەکانی ناوەندی پشکنینی کوالیتی سوتەمەنی لە ھەرێم و دابینکردنی ئامێری پشکنین وپێداویستیەکانی و ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازرگانی و تیمەکانی چاودێریی بازرگانی،  بۆ بەدواداچوونی بابەتی کوالیتی سوتەمەنی ھاوردەکراو، لە دەروازە سنوورییەکان و لە ناو عەمبارەکانی گلدانەوەی سوتەمەنی و بەنزینخانەکان و ڕێگرتن لەو کەسانەی، کە ماددەی کیمیایی نەگونجاو بەکاردەھێنن بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەنزین بە شێوەیەکی نادروست.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران.

هەروەک جەختکراوەتەوە لەسەر وەرگرتنی باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی سوتەمەنی ، بەمەرجێک ئەم ڕێکارانە کاریگەری نەبێ لەسەر زیادکردنی نرخی سوتەمەنی بۆ ھاوڵاتیانی بەکاربەر .

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ھێڵەگشتیيەکانی پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی ھزریی (حماية الملكية الفكرية) خستووتەڕوو بۆ پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی ھزری لە بوارە جیاجیاکانی ھونەریی ، ئەدەبی ، زانستی ، بازرگانی و پیشەسازیی ، لە پێناوی ھاندانی بزاڤی ھونەری و زانستی و پاراستنی مافی ئەوانەی لەم بوارانە کاردەکەن. 

هاوکات لیژنەی قانونی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردراوە ، پەلە بكات لە پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکە و ئامادەکردنەوەی بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات تا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.



ڕیکلام