تورکیا بنکەی سەربازیی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات

  2020-10-09  | 
دهۆک
تورکیا بنکەی سەربازیی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوێکی سەربازیی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی هەیە ژمارەیەک بنکەی سەربازیی نوێ لە سنورەکان و لەناو خاکی عێراقدا دروستبکات.

گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی لەزاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی تورکیا بڵاویکردەوە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا تورکیا ١٠ بنکەی سەربازی لە عێراق دامەزراندووە، لەپێناو پاراستنی سنورەکانی و پلانیشی هەیە ژمارەیەک بنکەی دیکە دروستبکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ٧ی٧ی٢٠٢٠، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە تویتێکدا نەخشەیەکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و تیایدا ٣٨ بنکەی سەربازیی خۆی لەناو خاکی هەرێم ئاشکراکرد کە هێزەکانی تیایدا بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە وەک بنکە و بارەگای پەکەکە دەستنیشانی کردوون.

هەروەک ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش ٧ی١٠ی٢٠٢٠، پەرلەمانی تورکیا بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی ناردنی هێزی سەربازیی بۆ عێراق و سوریا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە و تا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، ئەوەش بەپاساوی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەریان.

ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی بەناوی "چڕنوکی هەڵۆ" بۆ سەرت سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەبیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێکرد، دوو ڕۆژ دواتر ئۆپراسیۆنێکی  زەمینی بەناوی "چنگی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین لە سنوری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.



ڕیکلام