وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دەستپێکردنەوەی دەوام لە خوێندنگاکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، رۆژی شەممە دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل و هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە :
رۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۱۰ ی ۱۰ ی ۲۰۲۰ ، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی، دەستخۆشیی و سوپاسمان هەیە بۆ ڕۆڵی مەزنی مامۆستایان ، جەخت دەکەینەوە لە :
۱ـ قۆناغی ۱ و ۲ ی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان دەوام دەستپێدەکەن .
۲ـ لەو قوتابخانانەی کە لەگوندەکانن و هێڵی ئەنتەرنێت وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە ، کە بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان وئیدارەکان دیارییان کردوون ، بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان ، لە گشت ئاستەکان وقۆناغەکان دەوامی ئاسایی لە ناو پۆل دەستپێدەکەن .
۳ـ قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا یازدەی ئامادەیی ، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی :
www.ewane.krd
قوتابیان ئەو کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی یەی کە لە قوتابخانە وەریانگرتووە یان پێیان دەدرێت بەکاری دەهێنن بۆ بینینی وانەکانیان ، لە هەمان کاتدا قوتابیانی ئەم قۆناغانە بە سێ رێگا دەتوانن لە پەیوەندی بن لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستایانیان :
یەکەم : کارگێری قوتابخانە خشتەیەک دادەنێن بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو قۆناغانە ( ۳ تا ۱۱) دیداری قوتابخانەیان هەبێت و بە گروپی (٥ تا ٦ )قوتابی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە ، لە قوتابخانە مامۆستای بابەت بەدواداچوون دەکات بۆ بەکارهێنانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و شرۆڤە کردنی هەر وانەیەک کە قوتابیان پێویستیان بێت لەبابەتەکانیان و پاڵپشتی زانستیان .
دووەم : لە ناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە پەیوەندی بن .
سێیەم: مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن کە لە ڕێگای هەر بەرنامەیەکی دیکەی پەیوەندیکردن ( گروپەکانی ڤایبەر ـ واتس ئاپ ـ تێلیگرام ) یان هەر بەرنامەیەکی دیکە لە پەیوەندی بن. کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی بە بەردەوامی وانەکانی قۆناغی ۳ ی بنەرەتیی تا ۱۱ ی ئامادەیی پەخش دەکات .
٤ـ قوتابخانە نێودەوڵەتییە ناحکومیەکان ، بۆ ئەو بابەتانەی پێویستیان بە ئامادەسازیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی هەیە دەتوانن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل تەنها بۆ ئەو قۆناغانە کاربکەن .
٥ـ قوتابخانە ناحکومییە لوکاڵیەکان هەمان رێنمایی قوتابخانە حکومییەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت .
٦ـ قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی ۱۰ ی ئامادەیی ، پاش دیاریکردن و هەڵبژاردنی بەشەکانی ( زانستی ـ وێژەیی ـ پیشەیی) دەست بە خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەن ، ئەمەش لەماوەی هەفتەی یەکەم پێویستە لە قوتابخانەکان یەکلایی بکرێتەوە کە قوتابی چ بەشێکی هەڵبژاردووە .
۷ـ سەرپەرشتیاران رۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینن لە بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ئەو شێوازەی بۆ خوێندنی ناو پۆل و دیداری مامۆستایان لە گەڵ گروپی (٥ تا ٦ ) قوتابی هەیە .
٨ ـ وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە لەوەی کەئەو شێوازی دەوامکردنە و پشت بەستن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم قۆناغەدا بۆ سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و رودانی کەمترین بەریەککەوتن و نزیک بوونەوەیە ، لەگەڵ باشتر بوونی ڕەوشی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریاری نوێ دەدرێت بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی .
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
۹ی ۱۰ی ۲۰۲۰