ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەسەر خوێندنی ئەلکترۆنی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

  2020-10-09  | 
گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی
فۆتۆ : ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، بەئەلکترۆنیکردنی خوێندن لە هەرێمی کوردستان زیان بە پرۆسەی پەروەردە دەگەیەنێت و تەنها خۆدزینەوەیە لە داوا ڕەواکانی مامۆستایان و پەراوێزخستنی خوێندنی حکومی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنەکە کە وەک هەڵوێست ڕایگەیاندووە ئاماژە بەوە دەکات،  وەزارەتی پەروەردە گوێی لە بۆچوونی پسپۆران و خەمخۆران نەگرت و سوورە لەسەر بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن ، کە پێمان وایە ئەم بڕیارە بە زیانی پرۆسەی پەروەردە تەواو دەبێت و تەنها بۆ خۆدزینەوەیە لە داواڕەواکانی مامۆستایان ، هاوکات ئەم بڕیارە خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلییەکان و بەشێکە لە پرۆسەی بە پارەکردنی خۆێندن و  دەبێتە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی خوێندنی حکومی .

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە و وەزیرەکەی بیر لە بینا و دار و بەرد و قەڵەم و دەفتەر دەکاتەوە ، بەڵام مامۆستایان وەکو پێکهێنەری سەرەکی پەروەردە پشت گوێ دەخەن و گوێ بۆ داواڕەواکانیان ناگرن .

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی جەختیکردووەتەوە، وەزارەتی پەروەردە نایەوێ پرۆسەی پەروەردە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێت، تەنها دەیەوێ لە ڕووی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵێ دەرگای خوێندنگاکان کراونەتەوە و پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆیمان هەیە، ئەگەر نا لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش بایکۆتێکی ڕانەگەیەنراو هەیە و زۆربەی قووتابیان و مامۆستایان پابەندی خوێندنی ئەلکترۆنی نابن و پەیڕەوی ناکەن .

ڕوونیشکراوەتەوە، ئەگەر بەهۆکاری نەخۆشی کۆرۆناوە دەرگای خوێندنگاکان داخراون، پێویستە خولەکانی پەیمانگاکان و خوێندنگە ئەهلییەکانیش دابخرێن ، پشتیوانی هەڵوێستی ئەولقانەی یەکێتی مامۆستایان و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکەن کە بڕیاری بایکۆتیان داوە.

لە کۆتایی  راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنەکە داوای لە سەرجەم مامۆستایان کردووە، پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن، تا ئەوساتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی داواکاری مامۆستایان دەدەنەوە .



ڕیکلام