سندوقێكی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە لە سلێمانی جێبەجێدەكرێت و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەستپێكردنی سندوقی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراقیەوە جێبەجێ دەكرێت، لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراق و پارێزگاری سلێمانی و وەزیری پلاندانانی هەرێم راگەیەندرا.
ئەو پڕۆژەیە ماوەی چەند ساڵێكە لە لایەن حكومەتی عێراقیەوە جێبەجێ دەكرێت و پێشتر زیار تلە نۆ ملیۆن دۆلار تەرخانكرا بۆ پارێزگای دهۆك تا ئێستاش بەردەوامە.
وەزیری پلاندانانی هەرێم ئەوەشی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە لە سلێمانی 9.3 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە و بۆ ئەو گوند و ناوچانە تەرخانكراوە كە خزمەتگوزاریان تێدا كەمە و لیژنەی تایبەت بەو كارە لەلایەن هەریەكە لە پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و وەزارەتی پلاندانانی عێراق دیاری دەكرێت.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ژیان رایگەیاند: رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستاندا 9% و دهۆكیش لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان زیاتری رێژەی هەژاری تیادایە.
ئەو وتیشی: بەهۆی ئەوەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان زۆرترین ماڵوێرانی بەرامبەركراوە، لە هەرێمی كوردستاندا قۆناغی دووەمی پرۆژەی سندوقی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی دووەم شوێن بووە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت.