دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد

  2020-10-10  | 
تاران
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی ریکۆرێکی نوێی تۆمارکرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ نزیکەی ٣١ هەزار تمەن بەرزبووەوە .

بەپێی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ شەممە ١٠ی١٠ی٢٠٢٠، هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی کڕین و فڕۆشتنی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران، بە ٣٠ هەزار و ٧٥٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، واتە نرخی هەر ١٠٠ دۆلارییەک بۆ ٣ ملیۆن و ٧٥ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە .

ئەم دابەزینەش ریکۆردێکی نوێیە بۆ بێبەهابوونی تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، چونکە تاوەکو ئێستا بەهای تمەنی ئێرانی بەرامەبەر دراوە بیانییەکان بەوشێوەیە دانەبەزیوە.

دابەزینی بەهای تمەن بەم شێوەیە، دوای ئەوە دێت کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی بەسەر ١٨ بانکی ئێرانیدا سەپاند کە تاوەکو ئێستا ئەو بانکانە لە لیستی گەمارۆکانی واشنتندا نەبوون.

ستیڤن مەنوشن وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو بانکانەی کە گەمارۆکان دەیانگرێتەوە، پابەندبوونی ئەمریکایە بەوەی کە ڕێگری بکات لە گەیشتنی دۆلاری ئەمریکی بە شێوەیەکی نادروست بەدەستی ئێران.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆکان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئیران کۆمەککردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان ڕادەگرێت و سنورێک بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمییەکانی دادەنێت.

بەپرسانی ئەمریکا دەڵێن، بە گەمارۆ خستنەسەر ئەو ١٨ بانکە، هیچ ڕیگایەک بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکان لەلایەن ئێرانەوە، نامێنێتەوە کە پێشتر بەسەریدا سەپێندراوە.



ڕیکلام