لاهور شێخ جەنگی: لە ناوچە جێناکۆکەکان لەرێگەی تەعریبەوە مەرامیانە زیان بە کورد بگەیەنن

  2020-10-11  | 
سلێمانی
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
فۆتۆ: پەیجی فەرمی لاهور شێخ جەنگی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، لە ناوچە جێناکۆکەکان لە رێگەی تەعریب و ئەجندایەکی شۆڤێنیانەوە مەرامیانە زیان بە کورد بگەیەنن و لە سەر خاک و زەوی خۆیان دەربەدەریان بکەن، دەشڵێت، یەکێتیی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ تا لەرێگەی یاساوە دەستی تەعریب لەو ناوچانە دوور بخاتەوە.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی١٠ی٢٠٢٠، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ ناوەندی بەریتانیای یەکێتیی کۆبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوروونیم دایە هەڤاڵانی ناوەندی بەریتانیا لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و ناوچەکە بە گشتی" .

ئەوەشی خستەڕوو، باسی لە گۆڕانکاری و شێوازی نوێی کارکردنی دوای کۆنگرەی چواری کردووە لەناو یەکێتیدا کە فۆرمێکی نوێ و شێوازێکی سەردەمیانە پەیرەودەکرێت، دەشڵێت، یەکێتیی پلان و بەرنامەی تایبەتیشی هەیە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. جەختی لەوەشکردەوە کە دەیانەوێت یەکێتیی بکەنەوە بە یەکیەتییەکەی جاران و وەک هەمیشە حزبی خەڵک و جەماوەربێت .

هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاشیگەیاند، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەم بە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان کرد کە ئێستا لە رێگەی تەعریب و ئەجندایەکی شۆڤێنیانە مەرامیانە زیان بە کورد بگەیەندرێت و لە سەر خاک و زەوی خۆیان دەربەدەربکرێت، هەروەک جەختم لە هەوڵەکانی یەکێتیی کردەوە کە خستویەتیەگەڕ تا لەرێگەی یاساوە دەستی تەعریب لەو ناوچانە دوور بخەینەوە و چیتر زوڵم لە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نەکرێت".



ڕیکلام