داود ئۆغلۆ: ئەردۆغان و خێزانەکەی گەورەترین بەڵان بەسەر تورکیاوە

  2020-10-11  | 
ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان
فۆتۆ: فرانس پرێس
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی داهاتووی تورکیا ڕەخنەی توندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گرت و ڕایگەیاند، ئەردۆغان و خێزانەکەی گەورەتریت بەڵان بۆ تورکیا.

داود ئۆغلۆ هێرشی کردە سەر لێدوانەکانی سەۆکی تورکیا، کە داوای لە گەلەکەی کردبوو دان بەخۆیاندا بگرن لەسەر هەژاری و تەنگوچەڵەمەکان، لەوبارەیەوە وتی "نەتەوە دانبەخۆیدا دەگرێت بەڵام لەسەر کام بەڵایە کێن ئەوانەی بوونەتە بەڵا، ئەگەر ئەردۆغان مەبەستی لە دانبەخۆدا گرتن هەژاری و بێکاری و هەڵاوسانی ئابوری و گەندەڵی و زوڵم بێت، پێویستە لەسەرمان بپرسیین هۆکاری ئەم هەموو کێشە و بەڵایە چییە؟".

سەرۆکی پارتی داهاتووی تورکیا لە میانی کۆنگرەی پارتەکەی لە شاری مێرسینی باشوری تورکیا وتی "ئێوە بەڵان، گەورەترین بەڵا کە بەسەر گەلی تورکیادا هاتبێت، ئەو سیستمەیە کە وڵاتەکەی کردووەتە کۆمپانیایەکی خێزانی کارەستبار".

ڕۆژنامەی زەمانی تورکیا کە ئەو لێدوانانەی داودو ئۆغلۆی گواستووەتەوە، ئاماژەی کردووە ئەردۆغان بە سیاسەتەکانی، بارودۆخی سیاسی وڵاتەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستۆتەوە، بەو هۆیەشەوە ناچار بووە هاوپەیمانی لەگەڵ حزبێکی نەتەوەیی و دواتریش چەپ بکات لە پێناوی مانەوەدا.

ئۆغلۆ ئەردۆغانی تۆمەتبار کردوو بە هاوپەیمانیکردن لەگەل سەرکردە سیاسییەکانی کودەتاکەی ساڵی ١٩٩٧ و لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە "ئەوەی بەربەست و ڕێگریمان لەبەردەم دروست دەکات ئەردۆغانە، دەستبەرداری ئەو هاوڕێ و دۆستانەی بووە کە پێکەوە خەباتیان کردووە لە بەرامبەر سەرکردە کۆنەکانی تورکیادا، بەردەوام هەوڵی لەمپەر دروست کردن دەدات بۆمان، کودەتای ساڵی ١٩٩٧ هێشتا بەردەوامە، چونکە لەلای ڕاستی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەییە و لەلای چەپی دۆغۆ برینجک سەرۆکی پارتی نیشتیمانە".

لە دوای جیابوونەوەی لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری ئێستای تورکیا، ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە هاوکارەکانی، کە سەرجەمیان لە ئەردۆغان جیابوونەوە، دادو ئۆغلۆ پارتی داهاتووی تورکیای دامەزراند.

لە ماوەی ڕابردووشدا بە هەمان شێوە هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە رەوشی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ یۆنان و چەند کێشەیەکی دیکەی ناوچەکە و ڕایگەیاندبوو، ئەردۆغان بە سیاسەتە چەوتەکانی وایکردووە تورکیا لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تەنها بمێنێتەوە.



ڕیکلام