هۆشیار زێباری: ململانێی ئێران و ئەمریكا عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات

  2020-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پێشووتری دارایی عێراق رایگەیاند، ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچن و دەشڵێت سورن لەسەر پشتیوانیكردنی كازمی.

هۆشیار زیباری، وەزیری پێشووتری دارایی عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلەی عێراقی، رایگەیاند، ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچن و ئەگەر نوینەرایەتی وڵاتانیش لە عێراق بكشێنەوە، عێراق دەكەوێتە بەردەم پشێوی و شكستێكی زۆر گەورە.

ناوبراو كە پێشتر چەند جارێك پۆستی وەزیری لە حكومەتەكانی عێراقدا وەرگرتووە بەڵام دواینجار بەهۆی بەهەدەردانی دارایی پەرلەمانی عێراق متمانەی لێوەرگرتەوە، دەشڵێت: ئاماژەكانی ئەمەریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا جددی و راستەقینەن، پێویستە مستەفا كازمی، لە مامەڵكردن لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران هاوسەنگی لەبەرچاو بگرێت.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی روونیكردەوە: لە ماوەی ئەو مانگەدا بەئامانجكردنەكان و فشارەكانی سەر واشنتن زیادیان كردووە هەرچەندە بەگوێرەی رێكەوتنی ستراتیژی ئەمەریكا پابەندە بە هەموو لایەنەكانی ئەو رێكەوتنە.

زێباری ووتیشی: ئەوانەی ئێستا داوای كشانەوەی ئەمەریكا دەكەن، هەر ئەوانەن كە پێشتر بە هاوكاری ئەمەریكا هاتوونەتە سەر تەختی دەسەڵات، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ كاتی روخاندنی رژێمی پێشووی بەعس لە ساڵی 2003.

ئەو پێیوایە كە مەترسیدارترین قەیران كە روبەڕووی حكومەتی كازمی دەبێتەوە، قەیرانی دارایی و ئابوورییە و دوای قۆناغی عادل عەبدولمەهدی كازمیمان بە رزگاركەری دۆخەكە زانی هەر بۆیە پشتیوانیشمان كرد. 


ڕیکلام