کێشه‌ی کەمی نان و ئارد رووی لە شاره‌كانى ڕۆژهەڵاتی كوردستان کردووە

  2020-10-12  | 
سنە
کێشه‌ی کەمی نان و ئارد رووی لە شاره‌كانى ڕۆژهەڵاتی كوردستان کردووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کێشه‌ی کەمی نان و ئارد له شاره‌كانى ڕۆژهەڵاتی كوردستان زیادیکردووە و بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، نانەواخانەکان پێش کاتی دیاریکراوی خۆیان نانەواخانەکان دادەخەن.

میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، نان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات دەست ناکەوێت، بۆ نمونە لە شاری بۆکان دوکان و نانواخانەكان تەنها ١٠ نان بە هەر نەفەرێک دەفرۆشن .

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە شارەکانی بۆکان، سەقز، ورمێ، خۆی، سایین قەڵا و چەند شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئارد نییە و نانیش بە کەم بە خەڵک دەدرێت، جگە لەوەش خواردەمەنییەکانی دیکەش گرانە و خەڵک ناتوانن بیکڕن .

ئاشکراشیان کردووە کە کیسەیەک برنجی ۱۰ کیلۆیی پاکستانی لەنێوان ٢٦٠ هەزار بۆ ۳۰٥ هەزار تمەندایە کە لە چاو مانگێک لەوە پێش زیاتر لە ٥٠ هەزار تمەن گران بووە. هەروەها ڕۆن، ماکارۆنی، شەکر، دانەوێڵەکان، پاککەرەوەکان و میوە و سەوزە لە بازاڕدا بەردەوام گران دەبێت .

کۆمپانیاکانی بڵاوکەرەوەی کاڵا خواردەمەنییەکان دەڵێن، لەو کارگە و کۆمپانیایانەی کە کاڵاکانیان لێ دەکڕن، بەردەوام نرخی شومەک و کاڵاکان گران دەبێت، بۆ نموونە لە یەک مانگدا چوار جار نرخی ساردەمەنییەکان گران بووە .

ئەوەش لە کاتێکدایە کە کارگە و کۆمپانیاکان هیچ کاڵایەک بە قەرز یان چەک نادەن، بەڵکوو پارەکەی لەپێشدا وەردەگرن و لە بەرامبەر کوالێتی کاڵاکانیش هیچ بەرپرسیارێتییەک لەئەستۆ ناگرن.

ماوەی چەند مانگێکە، چڕبوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران لەلایەک و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەکی دیکە، قەیرانی دارایی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دروستکردووە.



ڕیکلام