هۆشیار عەبدوڵا: ئەمڕۆ 320 ملیارەکە دەگاتە هەرێم

  2020-10-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند وەزیری دارایی پێی وتون ئەمڕۆ 320 ملیارەکەی هەرێم دەنێرن.

هۆشیار عەبدوڵا لە نوسینێکدا لە پەیجی فەرمی خۆی نوسیویەتی لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی سەبارەت بە چاکسازی، لەگەڵ ئەحمەد حاجی رەشید بە نوسراو خستمانە بەردەست وەزیری دارایی کە کەی پارەکەی هەرێم دەنێرن، ئەویش وتی ئەمڕۆ.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکردوە عێراق ئێستا لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری مەترسیداری سیاسیی و ئەمنی و بە تایبەتیش ئاڵنگاری ئابوری سەختدایە، یان دەبێ بە خێرایی و ئازایەتیەکی دەوڵەتدارانە وە چاکسازییە دارییەکان بخرێنە سەرسکە یان لە ئایندەی نزیکدا کێشە ئابوری و داراییەکانی قوڵتر دەبنەوە.

سەبارەت بەپرۆژەی(پەڕەی سپی) کە پرۆژەیەکە بۆ چاکسازی دارایی ئامادەکراوە هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت پرۆژەکە پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی قوڵە کێشەکانی دەستنیشانکردوە و چارسەرەکانیشی خستۆتە ڕوو.

ڕاشیگەیاندوە ئەگەر ئیرادەی چاکسازی لە لای حکومەتی هەرێم هەبێت دەتوان بە باشی سود لە ناوەرۆکی ئەو پرۆژە ئامادەکراوە وەربگرن بەو پێیەی کێشەکان لە بەغدا و هەولێر لەیەکدەچن.


ڕیکلام