دابان محەمەد: شۆفێری خێزانی بەرپرس هەیە قاچاغچییە لە سنورەکان

  2020-10-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دابان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کاری قاچاغچێتی لە خاڵەسنورییەکان بەردەوامە و شۆفێری خێزانی بەرپرس هەیە دەستی داوەتە قاچاعچێتی هێنانی ئۆتۆمبێل.

دابان محەمەد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی " کارى قاچاغچێتى لە خاڵە سنورییەکان بەردەوامە، ئەوەى هەیە بێدەنگى لێکراوە، زیاتر نەبێت کەمتر نەبووە! کارى قاچاغى بەجۆرێک فراوانبووە، لە بەرپرسانەوە ترازاوە بۆ خەڵکانى تر، شۆفێرى خێزانى بەرپرس هەیە دەستى داوەتە کارى قاچاغى و ئۆتۆمبێل داخلى هەرێمى کوردستان دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا لە خاڵی سنوری پەروێزخانە زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبیل دەستی بەسەردا گیراوە، کە ئوتۆمبێلی نایاسایی و خوار مۆدێلی ٢٠١٨، ژمارەیەکیان ئوتۆمبێلی گرانبەهان و دۆسیەکە دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم، کە چاودێرن لە ڕێگریکردن و داخڵکردنیان.

لە کۆتایی نووسینەکەدا ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان ڕاشیگەیاندووە، بۆ داخڵکردنی هەر ئۆتۆمبێلێک لە خاڵی سنوری باشماخ و حاجی ئۆمەران، بڕی ٦٥٠٠ دۆلار وەردەگیرێت، ٢٠٠ دۆلاری بۆ بەرپرسی حزبی دەڕوات، ئەگەر شەوی چوار کۆنتێنەر داخڵ بکرێت مانگی ٤ ملیۆن دۆلار دەکات، تەنها لە یەک خاڵی سنورییەوە.

لە باشماخ بە ئاشکرا و لە حاجی ئۆمەران بە کۆنتێنەری داخراو ئۆتۆمبێلی قاچاغ دەهێنرێتە ناو هەرێم، ئەوانە هەموو داهاتی حکومەتی هەرێمن لەبری ئەوەی بدرێت بە موچەی فەرمانبەران دەچێتە گیرفانی حزب و بەرپرسانی حزبییەوە.



ڕیکلام