ئەو ماڵانەی هەفتەی ڕابردوو لە کەرکوک ڕوخێنران بە زەوی قەرەبوو دەکرێنەوە

  2020-10-13  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
قایمقامی کەرکوک ڕایگەیاند، ئەو خانوانەی کە هەفتەی ڕابردوو بە بیانووی زیادەڕەوی ڕوخێنرا بە وەرگرتنی پارچەیەک زەوی قەرەبوو دەکرێنەوە.

فەلاح یایچلی قایمقامی ناوەندی پارێزگای کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند "بەشێوەیەکی سەرەتایی ئیدارەی پارێزگا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر قەرەبوو کردنەوەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە بەپێدانی پارچە زەوی کە لەچوارچێوەی پلانی دابەش کردنی ١٠ هەزار پارچە زەویە، کە بڕیارە بەم نزیکانە بەسەر فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی شارەکە دابەش بکرێن".

قایمقامیەتی ناوەندی کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی پارێزگا بڕیاری داوە هەر خانەوادەیەک لەو ناوچەیە بەپێدانی پارچەیەک زەوی کە ڕوبەبەرەکەی ٢٠٠ مەتر چوار گۆشەیە قەرەبوو دەکرێنەوە،

جەختیشیکردەوە ئەو ناوچەیەی ئەو خەڵکەی تێدا نیشتەجێیە زیادەڕۆیە وحکومەت دەیخاتە چوارچێوەی  پلانی پرۆژەکانی وقەرەبوو کردنەوەکەش دەبێتە ئاسانکاری بۆ چۆڵ کردنی سنورەکە لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە .

هەفتەی ڕابردوو ئیدارەی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕوخاندنی خانووە زیادەڕۆکان، زیاتر لە ٥٠ خانووی لە گەڕەکی گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لەباشوری کەرکوک ڕوخاند، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی دانیشتوانی سنورەکە کە لە هەر سێ پێکهاتەکە پێکدێن.



ڕیکلام