پەرلەمانتارێکی عێراق هۆشیار زێباری بە بەکرێگیراوی ئەمریکا و جولەکە ناو دەبات

  2020-10-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن سالم پەرلەمانتاری عێراق هێرشێکی توندی کردە سەر هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی لەوە پیرۆز ترە وەزیرێکی دوورخراوەی گەندەڵ و بەکرێگیراوی ئەمریکا و سەهیۆنیەت باسی بکات.

حەسەن سالم پەرلەمانتاری قەوارەی سادیقونی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەقی قەیس خەزعەلی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا هێرسی توندی کردە سەر هۆشیار زێباری و ڕایگەیاند، ئەگەر خوێنی ڕۆڵەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە نەبوایە، ئێستا زیباری یەکەم کەس بوو کە ڕایکردبوو، بەڵام جگە لە نیشتیمان پەروەرەکان ئەو شاهیدی نادان بۆ ئەو دەستکەوتانە.

لەکۆتایی وتەکانیدا حەسەن سالم داوای لە دەستەی حەشدی شەعبی کرد، ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی هۆشیار زێباری بگرێتە بەر، هاوکات داوای لە فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانیش کرد، سنورێک بۆ ئەو پێشێلکاریانە دابنێت و سزای ئەو کەسانەش بدات، کە سوکایەتی بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکەن.

ئەو هێرشەی حەسەن سالم لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆش جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای لە هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد داوای لێبوردن بکات لەسەر لێدوانەکانی لەسەر حەشدی شەعبی .

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق،حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە "بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین سوکایەتی بە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتی عێراق بکرێت "

کەعبی وتووشیەتی "لێدوانی بەڕێز هۆشیار زێباری لە کەناڵی حوڕە ڕەتدەکەینەوە داواش دەکەین لێبوردنێک پێشکەش بکات شایستەی ڕۆڵی حەشدی شەعبی و قوربانییەکانی بێت".



ڕیکلام