ئەمڕۆ شەش توشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە

  2020-10-14  | 
سلێمانی
ئەمڕۆ شەش توشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەش توشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی توشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٣٤ نەخۆشی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون .

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ٢١٢ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە ٤٢ کەسیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان .

ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ دوو توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئاسا و توشبوویەک لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ و سێ توشبووش لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

ئاشکراشیکرد، تاوەکو ئێستا هەزار و ١٠٩ چاکبووی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی، پلازمای خوێنیان بەخشیوە .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاشیگەیاند، هیوادارم بە هەموو لایەک هەوڵبدەین ئەم دۆخە نەخوازراوە تێپەرێنین، وتیشی، تاکپارێزی بەهێزترین کۆڵەکەی روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٨ هەزار و ٢٧٧ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ هەزار و٨٩٩ توشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە .



ڕیکلام