سەرۆکی قیرگیزستان لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستیلەکارکێشایەوە و رایگەیاند، نایەوێت وەکو سەرۆکێکی خوێنڕێژ کە تەقەی لە هاوڵاتی وڵاتەکەی کردووە، ناوی بچێتە مێژووەوە .
                                        
                                   
                                        
                                            
                                            
                                            
                                                
                                                
                                            
                                            میدیاکانی قیرگیزستان بڵاویانکردەوە، سۆرۆنبای جینبێکۆڤ سەرۆکی وڵاتەکەیان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە و رایگەیاندووە، "من دەست نابەمەوە بۆ دەسەڵات، من نامەوێت لە مێژووی قیرگیزستاندا وەک سەرۆکی خوێنڕێژ بمێنمەوە و تەقە لە هاوڵاتیەکانم بکەم و هەربۆیە بڕیارمدا دەستلەکاربکێشمەوە  ".
هاوکات داواشی لە  سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن، جەبارۆڤ و سیاسەتمەدارانی تر کردووە، لایەنگرانیان لە پایتەخت پاشەکشە پێبکەن و ژیانی ئاسایی و پارێزراوی دانیشتوانی بگەڕێننەوە، چونکە هیچ هێز و توانایەک نییە کە یەکسان بێت بە یەکڕیزی و تەبایی کۆمەڵایەتی گەلەکەمان  ."
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئۆپۆزسیۆنی قیرگیزستان رایگەیاند، دەستی بەسەر باڵەخانەی حکومەتدا گرتووە و دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەوەش دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی گەورە هات بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٤ی ئەم مانگەوە  .
 
رۆژی ٤ی ئەم مانگە، لە وڵاتی قیرگیزستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو تێیدا لە کۆی ١٦ حزبی سیاسی، تەنیا چواریان توانیان کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن کە سیانیان سەر بە سەرۆکی دەستلەکارکێشاوە و نزیک لە روسیان و ئەوەش، خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و لە ئێستادا، ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی گرتنەدەستی دەسەڵات دەکات.