چیرۆکی ئەو خێزانە کوردەی کە بە پاسپۆرتی دیپلۆماسی ساختەوە چوونە ئەڵمانیا

  2020-10-15  | 
میونیخ
خێزانێکی کورد بە پاسپۆرتی دیپلۆماسی ساختەوە چوونە ئەڵمانیا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا جۆرێکی نوێی قاچاخی دۆزییەوە کە بووەتە مایەی سەرسوڕمانی هەمووان، ئەمەش پاش ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو خێزانێکی چوار کەسی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە فڕۆکەی تایبەت لە فڕۆکەخانەی شاری میونیخ نیشتنەوە.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، ئەو خێزانە کوردە سەرەتا وەک نوێنەر خۆیان ناساندبوو، بەڵام دواتر دەرکەوت کە بڕی شەست هەزار یۆرۆیان داوە بە قاچاخچی بۆ ئەوەی لە ئیستەنبوڵەوە بیانگەیەنێتە ئەڵمانیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندامانی ئەو خێزانە کوردە لە باوک و دایکێک و دوو منداڵ پێکدێن کە باوک و دایکەکە تەمەنیان ٤٩ ساڵ و ٤٤ ساڵە و منداڵەکانیشیان تەمەنیان ٧ و ١٢ ساڵە، بەپێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکەش، ئەو خێزانە کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بە وتەی خۆیان، ئەو خێزانە لە ترسی باوکی ئافرەتەکە هەڵهاتوون کە ویستوویەتی خۆی و منداڵە کچە ٧ ساڵانەکەی خەتەنەبکرێن، هەر بۆیە باوانەکە خانووەکەیان فرۆشتووە و هەڵهاتوون و چوونەتە تورکیا و لەوێ بڕی شەست هەزار یۆرۆیان داوە بە قاچاخچیەکی سوری بۆ ئەوەی بگەنە ئەڵمانیا.

ئاشکراشیکردووە، کاتێک ئەو خێزانە گەیشتوونەتە ئەڵمانیا، سەرەتا باوکەکە هەوڵیداوە بڕوا بە ئەفسەرەکان بهێنێت کە ئەوان نوێنەرن و دەیانەوێت بچنە دورگەی دۆمینیکا، بەڵام بەڵگەنامەکانیان و چیرۆکەکەیان پێچەوانەی ئەمانە بوو.

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕاشیگەیاند، هیچکام لە ئەندامانی خێزانەکە نەیانتوانیوە بە زمانی دیپلۆماسی قسە بکەن کە ئەوانیش فەڕەنسی و ئینگلیزیە، ئەمەش زیاتر ئەفسەرە ئەڵمانییەکانی خستبووە گومانەوە و لە ئێستادا خێزانەکە لە سەنتەرێکی چاوەڕوانی دەمێننەوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی داوانامەکانیان دەردەچێت.



ڕیکلام