تۆمەتبارێكی مەترسیدار لە هەولێر دەستگیركرا

  2020-10-15  | 
تۆمەتبارێكی مەترسیدار لە هەولێر دەستگیركرا
فۆتۆ: پۆلیسی هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکی مەترسیداریان دەستگیرکردووە کە بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێ ژمارە و بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و حەبی بێهۆشكەر خەڵكی شارەکەی بێزارکردووە و تەعەددای لێکردوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕەگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەشی پۆلیسی ناوشار / رۆژهەڵات، بنكەی پۆلیسی سەروەران، پاش ئاگاداركردنەوەیان لە بوونی چەندین حاڵەتی تەقەكردن و بێزاركردنی هاوڵاتیان بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێ ژمارە و بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و حەبی بێهۆشكەر و چەند حاڵەتێكی دیكەی شەڕفرۆشتن بە خەڵك و تەعەداكردن لێیان، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تیمێكی تۆكمەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا و دوای بەدواداچوونێكی ورد و چڕ و بەدەستهێنانی زانیاری، توانییان شوێنی تۆمەتبارێكی مەترسیدار بە ناوی (س.ر.ح) لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆك ئاشكرا بكەن و بە پلانێكی وردی بەرنامەبۆداڕێژراو، دەستگیری بكەن .

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەكانی (456) و (432) و (405/31) لە یاسای سزادان فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە و چوار سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرابوون.

ئاشکراشیکردووە، لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەکە لە شوێنی حەوانەوەی، دەست بەسەر (152 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ، 421 گرام جامایكا، 35 گرام حەشیش، 78 پارچە حەبی ترامادۆڵ، 6 چەكی جۆری كلاشنكۆف، 7 نارنجۆك، 2 ئۆتۆمبێلی جۆری كیا كادێنزا و نیسان سەنییەكی ژمارە ستاختە)ـدا گیراوە .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولیر ڕاشیگەیاند، تۆمەتبار، دانیناوە بە تاوانەكانیدا و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (421) لە یاسای سزادان، راگیراوە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.



ڕیکلام