عەبادی لەساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەردا پەیامێكی بڵاوكردەوە

  2020-10-16  | 
فۆتۆ: راگەیاندنی حەیدەر عەبادی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پەیامێكی لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ڕیفراندۆمەكە ئامانج لێی تێكدانی یەكگرتوویی عێراق بوو"بە زنجیرەیەك ڕێوشوێن لەگەڵ هەرێمدا یاسای یاسای سەپاند".


نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، لەبارەی رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لەو كاتەدا حەیدەر عەبادی فەرمانیدا بە هێزە عێراقییەكان كە بچنە ناو پارێزگای كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ چەسپاندنی یاساو گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی ئیتیحادی و هەڵكردنی تەنیا ئاڵای عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی بە سەفقەیەكی سیاسی بازرگانی بەو ناوچانەوە دەكراو بیرە نەوتەكانی شارەكە كۆنترۆڵكرابوون و بۆ چەندان ساڵ گەندەڵكاران سودیان لێ دەبینی.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق ئەوەشی راگەیاندووە "عەبادی پارێزگارێكی نوێی بۆ كەركوك دانا، دوای هەڵاتنی پارێزگارە توندڕەوەكەی ( نەجمەدین كەریم) كە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم كرد و بەشداری تێدا كرد".

راشیگەیاندووە، ڕیفراندۆمەكە كە ئامانج لێی تێكدانی یەكگرتوویی عێراق بوو  سەرۆك وەزیرانی ئەو كات "بە زنجیرەیەك ڕێوشوێن لەگەڵ هەرێمدا یاسای یاسای سەپاند و ڕێژەی  17% بەشە بودجەی هەرێمی بۆ 12% كەمكردەوە ئەوەش وەك هەموو پارێزگاكانی تری عێراق و بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان، هەروەها قەدەغەی فڕینی خستە سەر هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی، بۆئەوەی هەرێم ملبدات بۆ مەرجەكانی حكومەتی ئیتیحادی و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و دەروازەكان ڕادەست بكات".

بە بیریشی هێناوەتەوە ئەو كارانەی عەبادی لە دژی هەرێمی كوردستان كردی "لەلایەنی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی گەورەی لێكرا" باسی لەوەش كردووە لەدوای ئەو رێكارانەی "چەند لیژنەیەكی ڕەوانەی هەرێم كرد بۆ وردبینیكردنی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوەی موچەیان پێبدرێتئەوەش دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم مەرجەكانی حكومەتی ناوەندی قبوڵدەكات و داهاتی نەوت ڕادەستدەكات، ئەوەش یەكەمجار بوو لە دوای ساڵی 1991 ەوە لیژنەكانی حكومەتی ئیتیحادی بچنە هەرێم".


ڕیکلام