نێچیرڤان بارزانی: سوتاندنی بارەگای پارتی هەڕەشەیە بۆ سەر پێکەوەژیان

  2020-10-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی سوتاندنی بارەگای پارتی و سوتاندنی ئاڵای کوردستانی کرد لە بەغدا و دەڵێت ئەو کارە لەلایەن گروپێکی لە یاسا دەرچوو ئەنجامدراوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە" ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین.

ئاماژەی بەوەشکردوە هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری وهەڕەشه‌يە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و  دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندوە هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە.

 هۆشداریشی داوە "نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت" .

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داواشیکردوە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌


ڕیکلام