قوباد تاڵەبانی: سووتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتی جێگای قبوڵكردن نیە

  2020-10-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشی لایەنگرانی حەشد بۆسەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سوتانی ئاڵای كوردستان رایگەیاند جێگای قبوڵكردن نیە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی بارەگا كوردستانیەكان.


قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێكدا بەبۆنەی هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ بارەگای پارتی رایگەیاند "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵكردن نییە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا كوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق".

تاڵەبانی بە توندی ئیدانەی كارەی كردووە و داواشی لە هێزە عێراقییەكان و دۆستەكانیان لە بەغدا كردووە كە "لەسەر ئەم بێڕێزیكردنە بێنە دەنگ كە پێشێلكردنێكی گەورەی یاسا و دەستور و سیمای فرەجۆری عێراقە و زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا".

ناوبراو ئەوەشی وتووە "ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرمان كە ئەمڕۆ گەلەكەمان لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەیەكریزی و تەبایی هەیە".

ئەوەش دوای ئەوەهات كە لە كاردانەوەی چەند قسەیەكی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە دژی حەشدی شەعبی بەیانی ئەمڕۆ لژمارەیەك لایەنگری حەشد بارەگای ئەو حزبەیان سوتاند و ئاڵای كوردستانیان سووتاند. 


ڕیکلام