هاوپەیمانی نەسر: سوتاندنی بارەگا و ماڵی گشتی و تایبەت ڕەتدەکەینەوە

  2020-10-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆکایەتی دەکات ڕایگەیاند، دەستدرێژی کردنە سەر بارەگا و دامەزراوە و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی ڕەتدەکەینەوە و داوای یەکێتی نیشتیمانی دەکەن.

لە بەیاننامەیەکدا هاوپەیمانی نەسر بڵاویکردەوە، بە هەموو شێوەیەک هێرش و دەستدرێژی کردنە سەر بارەگا و سوتاندنی ئاڵا و ناوەند حزبی و تایبەتەکە رەتدەکەنەوە، هەر جوڵە و کارێکیش بەو ئاراستەیە دەبێتە هۆی لاوازکردنی یەکێتی نیشتیمانی.

هاوپەیمانی نەسر داوای لە حکومەتیش کرد بە ئەرکی خۆی هەستێت، بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و ئارامی و سەپاندنی هەیبەتی دەوڵەت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بەوەکردووە، حەشدی شەعبی و پێشمەرکە پێکەوە شان بەشانی یەک لەگەڵ هیزە چەکدارەکانی دیکە دژی تیرۆر جەنگاون، بۆیە مافی کەس نییە ئاژاوە و دووبەرەکی بنێتەوە لە نێوانیاندا، یاخود بەکاری بهێنێت وەک ئەجەندایەکی سیاسی یان هەڵبژاردن، بۆیە هاوپەیمانی نەسر داوا لە هەموو ئاستە سیاسییەکان دەکات، بەوریاییەوە قسە و لێدوانەکانیان دەببڕن، یان کارێک بکەن ببێتە هۆی ئاڵۆزی و لەقکردنی پێکەوە ژیانی ئاشتی، بە تایبەت لەم دۆخەدا کە وڵاتەکە ڕوبەڕوی دۆخێکی چارەنووسساز بووەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لەبەغدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەهۆی لێدوانێکی هۆشیار زێبارییەوە چونە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سوتاندیان.



ڕیکلام