هێمن هەورامی: حكومەت وەڵامی یاداشتی پرساندنەکەی داوەتەوە

  2020-10-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند حكومەتی هەرێم وەڵامی پرساندنی پەرلەمانتارانی داوەتەوە و بەم زوانە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستانەوە.


هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پرساندنی حكومەت بابەتێكی پەیڕەویە بە گوێرەی مادەی 68 و 69ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لە ماوەی رابردووش بۆ جاری دووەم 23 پەرلەمانتار یاداشتی پرساندنیان رادەستی سەرۆكی پەرلەمان كردبوو، لە رۆژی 30 ئەیلول ئاراستەی سەرۆكی حكومەت كراوە و دەبێت لە ماوەی 14 رۆژدا دەبێت وەڵام بدەنەوە. 

ئەو ئاشكرایكرد چەند رۆژێك پێش تەواو بوونی وادەی یاسایی حكومەت وەڵامی داوەتەوە، ئێستا لەلای ئێمەیە وەك سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، بە گوێرەی مادەی 70ی پەیڕەوییش بەم زوانە دەیخەینە بەرنامەی كارەوە. 

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی وت،  لە ئێستادا چاوەڕوانی تەواوبوونی راپۆرتی لیژنەكان دەكەن بۆ ئەوەی وادەی خستنە كاری پرساندنەكەی حكومەتی هەرێم رابگەیەندرێت. 

پێشتر ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران داوای پساندنی هەریەكە لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری داراییان كردوو بە یاداشتی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردبوو بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان بەهۆی كەموكورتی لە یاداشتەكە رەتیكردەوە، جارێكی دیكە 23 پەرلەمانتار یاداشتەكەیان رادەستی پەرلەمان كردەوە هەرچەندە كۆكردنەوەی واژۆكان ماوەیەكی زۆری پێچوو، لە هەر سێ فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی و گۆڕان تەنها سێ پەرلەمانتاری گۆڕان واژۆیان كرد.


ڕیکلام