گەمارۆی کڕینی چەک لەسەر ئێران هەڵگیرا

  2020-10-18  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران پێشوازی کرد بە کۆتایی وادەی گەمارۆی کڕینی چەکی ئاسایی، کە ماوەیەکی زۆر بوو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەر تاراندا سەپێنرابوو، بەڵام جەختیشیکردەوە پلانی نییە لە زیادەڕۆیی کردن لە کڕینی چەکدا.

سەرباری فشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی کرینی چەک بەسەر ئێراندا، بەڵام ئەمڕۆ کۆتایی هات بەو کۆت و بەندە، کە وەک مەرجی رێککەوتنی ئەتۆمیەکەی کە ئیران لەگەڵ زلهێزەکاندا ئیمزای کردووە لە ساڵی ٢٠١٥.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەربارەی ئەو بەرەوپێشچوونە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی، دواتریش وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە بواری چەکدا ئێران پشت بەخۆی دەبەستێت، چونکە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ سزاکان ئێران پشتی بە پیشەسازی ناوخۆیی بەستووە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ هێزە جیهانییەکان کە بە (٥ + یەک ) ناسراوە و بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، کە گەمارۆی هاوردەکردنی چەک لەسەر ئێران هەڵدەگرێت کە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنرابوو.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە ئێران دەتوانێت کڕین و فرۆشتن بە چەکی ئاساییەوە بکات دوای تێپەڕبوونی ٥ ساڵ بەسەر ڕێککەوتنەکەدا بە واتای ئەمڕۆ ١٨ی تشرینی یەکەمی  ٢٠٢٠ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها گەمارۆکان لەسەر موشەک و پرۆگرامەکانی هەڵدەگیرێت دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ بەسەر ریککەوتنەکەدا، بە واتای لە ساڵی ٢٠٢٣ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پسپۆڕان دەڵێن ئێران دەتوانێت بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو سود لەم هەلە وەربگرێت بۆ هاوردە و هەناردەی چەک لەبەر چەند هۆکاری جیاجیا، دیارترینیان کێشەی درایی و ئابوری، کە ڕێگەی پێ نادات بە خەرجکردنی بودجەی زەبەلاج بۆ کڕینی چەک، هەروەها گەمارۆ تاک لایەنەکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکانی چەک، کە رێگە نادات بە فرۆشتنی چەک بە ئێران، جگە لەوەش ئێران خواستی کڕینی هەموو جۆرە چەکێکیشی نییە، چونکە لەئێستادا خۆی بەشێک چەک و کەلوپەلی سەربازی دروست دەکات.

دەربارەی توانا سەربازییەکانی ئێران، گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، توانا سەربازییەکانی ئێران پێکهاتوون لە تانکی بەریتانی و هەلیکۆپتەری ئەمریکی کۆن، کە لەئێستادا خۆرئاوا بەهۆی کۆن بوونیانەوە خستوونیەتە مۆزەخانەوە.

جگە لەوەش ئێران لەماوەی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراقدا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢ لەسەر سێی کەلوپەلە سەربازییەکانی لەدەستداوە.

لە ئێستادا نوێکردنەوەی هێزی ئاسمانی ئێران بە کاری هەرە لەپێشنەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە پلانی کڕینەکانیدا، چونکە بەشێکی زۆری فڕۆکە جەنگییەکانی تەمەنیان لە سەرووی ٤٠ ساڵەوە و پێویسیان بە نوێکردنەوەیە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئێران بە نیازە لە لیستی سەرەوەی کڕیینەکانی چەک فڕۆکەی جەنگی سۆخۆی ٣٠ ڕوسی و تانکی تی ٩٠ و موشەکی "سیزلەر"ی دەریایی لە ڕوسیا بکڕێت.

جگە لەوەش ئێران توانای هەناردە کردنی چەک و کەلوپەلی سەریازی بچوکی هەیە، بە تایبەت موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلی سەربازی و بەلەمی خێرای سەربازیی.

چاوەڕوانیش دەکرێت هەریەکە سوریا و عێراق و ئەفغانستان و ڤەنزویلا، کە هەریەکەیان پەیوەندیی پتەوی دیپلۆماتیان هەیە لەگەڵ ئێران، لەپێشنەی ئەو وڵاتانە بن کە چەک لە ئێران دەکڕن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان هەریەکە لە چین و ڕوسیا بەسەرچاوەی سەرەکی چەک بۆ ئێران دادەنرێن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە ناتوانن وەک پێویست چەک بە ئێران بفرۆشن.

ئۆلیڤەر مایەر توێژەر لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی چەک و سیاسەتی ئاسایشی  دەڵێت، کۆتایی هاتنی قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران، کاریگەریی دیاریکراوی دەبێت لەسەر کڕێنی چەک لەلایەن تارانەوە، چونکە هەناردەکارەکانی چەک بەو پەلەیە ناتوانن سیاسەتی خۆیان بگۆڕین.

لەلایەکی دیکەوە گروپی "ئۆراسیا بۆ توێژینەوەکان" کە بارەگاکەی لە واشنتۆنە دەڵێت، روسیا و چین رەنگە بچنە گفتوگۆی فرۆشتنی چەک لەگەڵ ئێرامدا، بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا  دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو وڵاتە بەرژەوەندی گەورەیان هەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ئامادە نیین بەرژەوەندییەکانیان بخنە مەترسییە لەسەر فڕۆشتنی چەک بەئێران.



ڕیکلام