تەندروستی سلێمانی هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاماری توشبووانی کۆرۆنا دەدات

  2020-10-18  | 
سلێمانی
تەندروستی سلێمانی جارێکی تر هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاماری توشبووانی کۆرۆنا دەدات
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی جارێکی تر هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاماری توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات و دەڵێت، گەر بەم شێوەیە بڕوات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا، هەموو بنەماڵەیەکی سلێمانی ئازاری کۆرۆنا دەچێژێت.

یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی توشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە ٢٤ کاتژمێردا ١٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، بە واتای (١٠) خێزان، (١٠) بنەماڵە، (١٠) گەرەک، ئازاری جەرگبڕی کۆرۆنای چەشت".

وتیشی، "گەر بەم شێوەیە بڕوات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو، راست نابێت بڵێین هەموو گەرەکێ، هەموو بنەماڵەیەک ئازاری کۆرۆنای چەشت؟!"

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، "ئامارەکان مەترسیدارن، نەخۆشخانەکان پڕن، پابەندبوون بە ڕێنماییەکان وەک پێویست نین، هیوادارم پێش ڕوودانی کارەساتی نەخوازراو، بە هەموو لایەک هەوڵ بدەین ئەم دۆخە بەرەو باشتر بەرین، کە ئەویش تەنیا بە خۆپارێزی دەبێت، وەک چۆن لە ڕابردوو کردمان".



ڕیکلام