ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، بەهۆی بێ دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان حکومەت موچەی پێنج مانگی پاشەکەوت کردووە و موچەی دوو مانگیشی بە لێبڕینەوە دابەشکردوە، بۆیە داوا دەکەن پرۆسەی خوێندن بەم دۆخەی ئێستا و بەشێوازی ئەلیکترۆنی رابگیرێت و خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەستپێبکاتەوە .
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی بێ دەنگی وبێ هەڵوێستی موچەخۆران و هاوڵاتیان و چۆڵبونی شەقام لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ستەمکاری زیاتر لە موچەخۆران و هاوڵاتیان دەکەن، لە نوێترین بڕیاری ستەمکارانەیاندا بڕیاریان داوە موچەی پێنج مانگ بێسەروشوێن بکەن ".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە ئەلیکترۆنی کردنی خوێندن بەشێکە لە پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنەوەی کۆمەڵگە و بێنرخکردنی خوێندن و بڕوانامە و خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان، بۆیە پێویستە دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی:
لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە:
مامۆستایانی سەربەرز
دایک و باوکی خوێندکاران
فەرمانبەر و کاسبکاران
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان
بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ستەمکاری زیاتر لە مووچەخۆران و هاوڵاتیان دەکەن ، لە نوێترین بڕیاری ستەمکارانەیاندا بڕیاریان داوە مووچەی پێنج مانگ بێسەروشوێن بکەن و دوای دوومانگ مووچەیەک بە لێدزینەوە دابەش بکەن ، هاوکات هیج باکیان بە برسییەتی و هەژاری و بێ مووچەیی هاوڵاتیانەوە نییە .
سەرچاوەی ئەم بێ باکی و ستەمکارییەی دەسەڵاتدارانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ بێ دەنگی وبێ هەڵوێستی مووچەخۆران و هاوڵاتیان و چۆڵ بوونی شەقام لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان .
دوای ئەم بڕیارە ستەمکارانەیەی دەسەڵاتە شکستخواردووەکەی هەرێم هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا دەخەینە ڕوو .
1 ـ داواکارین مامۆستایان دوای دابەشکردنی ئەو مووچەیەی دوای شەست ڕۆژ بە لێبڕینەوە وەری دەگرن ، درێژە بە بایکۆتی هەموو شێوازەکانی خوێندن بدەن
2 ـ دەسەڵاتداران بە بڕیار و کارەکانیان بەردەوام بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن و دەیانەوێ تەواوی کەرتی گشتی بکەن بە کەرتی تایبەتی حیزبی ، ئەرکی هەموو هاوڵاتیان ودایک و باوکی قوتابیان و فەرمانبەر و کاسبکارانە هاوکاری مامۆستایان بن بۆ ڕێگری له ستەمکارییەکانی دەسەڵات ، چونکە پێش هەموو کەسێک خۆیان و منداڵەکانیان باجی ئەم ستەمکارییانە دەدەن .
3 ـ بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن بەشێکە لە پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنەوەی کۆمەڵگە و بێنرخکردنی خوێندن و بڕوانامە و خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان ،
پێویستە دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن .
4 ـ پشتیوانی هەڵوێستی ئەو لقانەی یەکێتی مامۆستایان و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکەین کە بڕیاری بایکۆتیان داوە ، هیوادارین تا جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایان بەردەوام بن لە هەڵوێستەکانیان .
لە کۆتاییدا ڕای دەگەیەنین
حکومەتێک بە دوو مانگ مووچەیەکی پێ نەدرێ ، شایستەی حکومڕانی نییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە
هاوکات لە پێناوی ڕەتکردنەوەی ستەمکارییەکانی دەسەڵات لە زووترین کاتدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەین .
هیوادارین هەموو هاوڵاتیان و کەسوکاری و قوتابیان و فەرمانبەران بەشداربن و بەدژ ستەمکاری ئەم دەسەڵاتە فاشیلەدا بچنەوە .
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی
18 ی ئۆکتۆبەری 2020